هەواڵی کوردستان ئێستا

بازرگانانی ھەرێم بەردەوام کەلوپەل ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەن"

بازرگانانی ھەرێم بەردەوام کەلوپەل ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەن"
بازرگانانی ھەرێم بەردەوام کەلوپەل ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەن"

2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- ڕووداوەکانی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو لە عێراق بۆ بازرگانان زیانی ھەبووە و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای دھۆکیش جەختی کردەوە، زۆربەی بازرگانانی ھەرێم کەلوپەل ڕەوانەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن و ئاستەنگیان بۆ پەیدا بووە.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئابووری و بازرگانی پەیوەستە بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە، لەبەر ئەوەش، ئاڵۆزییەکانی دوو مانگی ڕابردووی عێراق کاریگەرییان لەسەر جووڵەی بازرگانی ھەبووە لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دھۆک، چونکە ئیبراھیم خەلیل دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە و ٨٠%ی ھەموو ئەو کەلوپەلانەی ھاوردە دەکرێن بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەچێت، زۆرجار دەبینین ڕێگە دەگیرێت لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و ئاستەنگ بۆ جووڵەی بارزگانی دروست دەبێت."

سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک دەڵێت: "سەرەڕای ئاستەنگەکان، بازرگانانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لەسەر کارەکانیان، بەردەوامیش جووڵەی بازرگانی ھەیە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ ئەوەی ئاڵۆزی لە ھەندێ ناوچەی عێراق بەردەوامە."

ئەیاد حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر باس لە ناوخۆی پارێزگای دھۆک بکەین ڕەوشەکە زۆر باشترە، لەبەر ئەوەی ڕەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە و ژمارەی کۆمپانیا و کارگەکان زیادیان کردووە، کێبڕکێیەکی زۆر لە کەرتی بازرگانیدا ھەیە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیانانەی بریکاری کۆمپانیاکانی جیھانیان بەدەست ھێناوە، جووڵەی زیاتریان ھەیە."


قائید میرۆ