هەواڵی کوردستان ئێستا

پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به ‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماددە‌بووی پەرلەمان په‌سند كرا

پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به ‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماددە‌بووی پەرلەمان په‌سند كرا
پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به ‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماددە‌بووی پەرلەمان په‌سند كرا

2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولیر-KDP.info- په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، به ‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماددە‌بوو پڕۆژه‌یاساكه‌ی په‌سند كرد.

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌مه‌‌ 16/1/2020، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماددە‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له ‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 92، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عیراق.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ د. ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماددە‌ی بوو، د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و به‌ ناوی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانى ئاراسته‌ی كه‌سوكارى ئه‌و قوربانییانه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌ریای ئیجه‌دا خنكابوون، پاشان له ‌لایه‌ن مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانەوە به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ و پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماددە‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێمۆڵه‌ت خوێندرایه‌وه‌‌.

به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه ‌و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له ‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ كه ‌پێك هاتبوو له‌ لیژنه‌كانی (كاروبارى یاسایی، دارایی و كاروبارى ئابوورى، كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا، كاروبارى پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان، كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی)، ڕاپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتاییی هه‌رشه‌ش لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌ دوای سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی به‌ ڕه‌چاوكردنی ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ستافی حكوومه‌ته‌وه‌ له‌ دوو دانیشتنی پێشووی په‌رله‌ماندا خرابوونه‌ ڕوو، خوێندرایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به ‌ناوونیشانی پڕۆژه‌یاساكه‌ دوو پێشنیار هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ى له ‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ردوو پێشنیاره‌كه‌ به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، وه‌ك خۆى به‌م شێوه‌یه‌ (پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌ ده‌نگی 86 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ى یه‌كه‌م، كه ‌تایبه‌ت بوو به‌ ئامانجه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌، دوای به‌جیا خستنه‌ ده‌نگدانی هه‌ر حه‌فت پێشنیاره‌كه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ماددە‌یه‌ هه‌بوون پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو كه‌ بریتی بوو له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌رى و شایسته‌بوون له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ و نه‌هێشتنی سوودمه‌ندبووانی ناشایسته‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌ی گشتی و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و یه‌كخستنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ جیاجیاكانی خانه‌نشینى و كاراكردن و پشتیوانیكردنی دارایی سه‌ندووقی خانه‌نشینی و ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر خه‌رجییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ندووقه‌ و هه‌روه‌ها ڕێكخستنه‌وه‌ى خانه‌نشینیی پله‌باڵاكان و پله‌تایبه‌ته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌مه‌ن و ساڵانی خزمه‌تى و بڕوانامه‌، به‌ 99 ده‌نگ په‌سند كرا.

ماددە‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی، نۆ پێشنیارى بۆ كرا‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 91 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماددە‌ی سێیه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ نه‌هێشتنی سوودمه‌ندبوون له‌ جارێك زیاتر له ‌بودجه‌ی گشتی، پێنج پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیارى دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 94 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

ماددە‌ی چواره‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بوارى پێشمه‌رگه ‌و هێزه‌كانى ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، حه‌فت پێشنیارى بۆ كرابوو، دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا به‌ ده‌نگی 85 په‌رله‌مانتار وه‌ك خۆى كه‌ له‌ ڕاپۆرتی پێشووترى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماددە‌ پێنجه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌رماڵه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌به‌ر ڕۆشناییی یاسا به‌ركاره‌كان، حه‌فت پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو به‌ ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

ماددە‌ی شه‌شه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌ژماركردنى خزمه‌ت و پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ى پله‌ و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران به‌پێی یاسا و په‌یڕه‌و و ڕێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، سێ پێشنیارى بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا وه‌ك خۆى كه‌ له‌ ڕاپۆرتی پێشووى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو به‌ده‌نگی 83 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماددە‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌بوارى خانه‌نشینی له‌ یه‌كخستنی خانه‌نشینیی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و جێگره‌كانیان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ى به‌ پله‌ی ئه‌وانن و بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ت و خاوه‌ن پله‌تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌ مووچه ‌و ده‌رماڵه‌ی هه‌ردوو پله‌ی (أ) و (ب) وه‌رده‌گرن له‌سه‌ر میلاكی شارستانی و سه‌ربازی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، پێنج پێشنیار هه‌بوو، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا، پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو، به‌ ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

ماددە‌ی هه‌شته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه ‌تایبه‌ت بوو به‌ هه‌مواركردنی ماددە‌ی 12 له ‌یاسای وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورى ژماره‌ (5)ى ساڵی 2010، دوو پێشنیارى بۆ كرابوو، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا، پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو، به ‌ده‌نگی 84 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماددە‌ی نۆیه‌میش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خانشینی به‌ پله‌ى وه‌زیر و بریكارى وه‌زاه‌ت و ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی و هه‌ر پله‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له ڕیزی بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازیی كوردستان بوون پێش 5/3/1991 و وه‌ك ڕێزلێنانێك مووچه‌ی خانه‌نشینییان به‌و پلانه‌ پێ دراوه‌، پێنج پێشنیار هه‌بوو، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا، وه‌ك خۆى كه‌ له‌ ڕاپۆرتی پێشووى لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو، به‌ ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

ماددە‌ی ده‌یه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوو به‌ ڕاستكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینیی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی، یان به ‌پله‌ی به‌رزتر له ‌پله‌ی شایسته‌ی خۆیان خانه‌نشین كراون، یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ژماركردنی نایاساییی ساڵانی خزمه‌ت خانه‌نشین كراون، دوو پێشیاری بۆ كرابوو، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا، پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو، به‌ ده‌نگی 76 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماددە‌كانى یازده‌یه‌م و دوازده‌یه‌م و سێزده‌یه‌م و چوارده‌یه‌م و پازده‌یه‌م و شازده‌یه‌م و حه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌مى پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ حوكمه‌كانی كۆتایی، دوای ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌میان به‌و پێشیارانه‌ی كه‌ هه‌بوون به‌جیا خوێندرانه‌وه‌ و خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه،‌ به ‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنیش كه‌ دوو پێشنیاری بۆ كرابوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا، پێشنیاری دووه‌م كه‌ ڕای لیژنه‌ی هاوبه‌ش بوو و به‌م شێوه‌یه‌ داڕێژرابوو (له‌پێناوى ڕێكخستنه‌وه‌ى بوارى وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی شارستانی و پێشمه‌رگایه‌تی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و هه‌روه‌ها ته‌رخانكراوه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانی له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌ دارایییه‌ گشتییه‌كان و ڕێگه‌گرتن له‌ سوودوه‌رگرتنی ناڕه‌وا و نایاسایی له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ى گشتی، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا) و، به‌ ده‌نگی 89 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به ‌كۆى ده‌نگی ئه‌ندامانی ئاماددە‌بووی هۆڵی دانیشتنه‌كه‌ په‌سند كرا.

به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێرۆزبایی له ‌په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانه‌ په‌رله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان كرد و به‌م جۆره‌ كۆتاییی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.