بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك مەسعود بارزانی بەبۆنەی بیست و یەك ساڵەی دەستبەكاربوونی كوردستان تیڤی
بۆ /بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تی ڤی
بەبۆنەی بیست و یەك ساڵەی دەستبەكاربوونی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو ستاف و كارمەندانی دەزگای سەتەڵایتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
تەلەڤزیۆنی كوردستان دەستپێكی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بوو لەنێو میدیای هەرێمی كوردستان و نموونەی میدیای نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەردەمیش پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و هەست بەبەرپرسیارێتی بووە. كوردستان تیڤی لە ماوەی كاركردنی خۆیدا ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆشەویستیی نیشتیمان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و لەم بوارانەشدا جێگەی دەستی دیارە و ئەو ڕۆڵە هەمیشە جێگەی پێزانین بووە.
ئەو چاوەڕوانییەش لە دەزگەی سەتەلایەتی كوردستان و كوردستان تیڤی هەیە كە بەتەكنیكی تازە ،كاری پڕۆفیشناڵ ئاوێتەی گیانی نیشتیمانپەروەری و وڵاتپارێزی بكات و پێشەنگ بێت بۆ كار و پیشەی ڕاگەیاندن لەكوردستان.
دووبارە پیرۆزبایتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی
١٧ـی ١ـی ٢٠٢٠