هەواڵی کوردستان ئێستا

هەوڵی كابینەکانی هەشت و نۆ بۆ چاكسازی

هەوڵی كابینەکانی هەشت و نۆ بۆ چاكسازی
هەوڵی كابینەکانی هەشت و نۆ بۆ چاكسازی

2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

پیران ئەمیر

دوای مشتومڕێكی زۆر و سەرنجی سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی كوردستان پەسەند كرا و دواتر دەبێت سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش واژووی بكات، وەك ئاماژەیەك هەر لە كابینەكانی پێشووەوە، هەوڵی چاكسازی دراوە و ئێستاكەش خەڵكی كوردستان بەرهەمی ئەو خواست و ئیرادەیە جیدییەی لە كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ چاكسازی هەبوون، دەبینن كە كابینەی هەشتەم لە رێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەی چاكسازی كە ئەمڕۆ پەسەند كرا ئیرادەیەكی جیدی بۆ چاكسازی و رێكخستنەوەی داهاتەكان هەبووە و ئەوەی ئێستاش درێژەپێدەری سیاسەتی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ چاكسازی.

یاسای چاكسازی، دەستكەوتێكی گرنگە و دەبێت خەڵكی كوردستانیش وێڕای سەرنجەكان پێی دڵخۆش بن كە هەرێمی كوردستان دەمێكە بە ئاڕاستەی چاكسازی و راستەڕێی دەوڵەتداری و ئیدارەدانێكی باشی ئابووری هەنگاوی ناوە و ئەو پڕۆژەیاسایەش عەقڵێكی سیاسی و ئابووری لە پشت ئەویش نێچیرڤان بارزانییە کە لە كابینەی هەشتەمەوە كاری بۆی كردووە و دوای چەند سەرنج و ئاڵوگۆڕێكی بۆچوونی پەرلەمانتاران و حیزبەكان پڕۆژەكە پەسەند كرا. 

كابینەی هەشتەم بەهۆی هەندێ رووداوی نەخوازراو و قەیرانی سیاسی و ئابووری، ئاڵۆزی ئەمنی و سەرهەڵدانی داعش، رەنگە نەیتوانیبێت هەموو ئەو روئیا خزمەتگوزاری و ئابوورییەی هەیبووە، وەك خۆیان جێبەجێیان بكات، بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە لە خەمی چاكسازی و رێكخستنەوەی داهات و مووچە و خانەنشینیدابووە، تەنانەت لەو قەیرانە سەختەی لە سەردەمی كابینەی هەشتەم هەبوو، بە هەوڵی راستەوخۆی سەرۆكوەزیرانی ئەوكات پاشكەوتی مووچە هەڵگیرا كە ئەمەش دووبارە كوردستانی بردەوە قۆناغی گەشەسەندن و باری دەروونی خەڵكی ئاسوودە كردەوە، هەر بۆیەش جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی كرایەوە كە ئەوەتا ئەمڕۆ بەرهەمی هەوڵەكانی پێشوو دەبینین كە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی نێچیرڤان بارزانی هەموو كارێكیان بۆ چاكسازی و بووژانەوەی كەرتەكان و خزمەتكردنی خەڵك كردووە، لەوانەش یەكێك لەو دەستكەوتانە یاسای چاكسازی بوو كە بەرهەمی كابینەی هەشتەم و ئەو روئیا جیدییەی چاكسازی و خزمەتكردنە، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند كرا و ئیدی قۆناغێكی گرنگ لە بواری كارگێڕی و دەوڵەتداری و ئابووری دێتەگۆڕێ، بۆیە دەبێت شانازی بە هەوڵەكانی كابینەی پێشوو بكەین و پاڵپشتی كابینەی نۆیەمیش بین بۆ ئەوەی یاساكە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت كە راستەوخۆ خەڵكی كوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.