بەغدا؛ پێكدادانی هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران كوژراو و برینداری لێكەوتەوە
خەندان-
لە ئەنجامی دروستبونی پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و خۆپیشاندەرانی پردی سنك، ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژران و برینداربون.
پێگەكانی تایبەت بە خۆپیشاندەرانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئاژانسەكانی هەواڵ لە ناوخۆی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بڵاویانكردەوە "لە ئەنجامی پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانی پردی سنك لە بەغدا، خۆپیشاندەرێك گیانیلەدەستداوە".
هەشت خۆپیشاندەری دیكە برینداربون
ئاماژە بەوەشكراوە "لە ئەنجامی پێكدادانەكاندا، هەشت خۆپیشاندەری دیكە برینداربون و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە كراون".
خۆپیشاندانەكانی بەغدا، لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە نزیكەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و خۆپیشاندەران داوادەكەن حكومەتێكی نوێ دور لە چینی سیاسی ئێستا پێكبهێنرێت و گەندەڵی نادادپەروەری كۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان چارەنوسی ناڕونە.