هەواڵی کوردستان ئێستا

"‎شاسوار جگەلە لە قاچاخچی و تەڵەكەبازێك، بێئابڕوشە"شادی نەوزاد سكاڵای یاسایی لەدژی شاسوار عەبدولواحید تۆماردەكات

"‎شاسوار جگەلە لە قاچاخچی و تەڵەكەبازێك، بێئابڕوشە"شادی نەوزاد سكاڵای یاسایی لەدژی شاسوار عەبدولواحید تۆماردەكات
"‎شاسوار جگەلە لە قاچاخچی و تەڵەكەبازێك، بێئابڕوشە"شادی نەوزاد سكاڵای یاسایی لەدژی شاسوار عەبدولواحید تۆماردەكات

2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

پەرلەمانتارێكی كوردستان، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و ئاڕاستەكردنی وتەی نابەجێ سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەكات و رایدەگەیەنێت "یاسا دەكەمە سەنگی مەحەك".

شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "وەك مافێكی خۆم و دژی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەو بەكارهێنانی چەمكی نا ئەخلاقی دژی ژنی كورد، من داوای یاسایی لە دادگا دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم، سەبارەت بەو كۆمێنتانەی بێشەرمانە لە فەیسبوك لەبارەی منەوە نوسیویەتی" دەشڵێت ""‎شاسوار جگەلە لە قاچاخچی و تەڵەكەبازێك، بێئابڕوشە".

لەمیانی لێدوانێكیشیدا تایبەت بە خەندان، ئەو پەرلەمانتارە وتی "دوای ئەوەی كە شاسوار عەبدولواحید چەند كۆمێنتێكی نەشیاوی نوسیوە سەبارەت بە من و لە وەڵامی ژمارەیەك بەكارهێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا، كە لە لایەن هیچ كەسێكەوە قبوڵكراو نیە كە ئەو كۆمێنتانە بۆ هیچ كەسێك ئاسایی نیە بیاننوسێت، كە ئەو وەك كەسی یەكەمی پارتێكی سیاسی كە بانگەشەی ئەوەدەكەن گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بن ئەو وتانەی بەكارهێناوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "بەهۆی ناوزڕاندنی پێگەیەكی دیاری كۆمەلگە، كە ئەویش ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانە، سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەكەم و دەبێت دادگا ببێتە سەنگی مەحەك".

لەمیانی لێدوانەكەیدا بۆ خەندان ئەو پەرلەمانتارە وتی "پاش چەند كاتژمێرێك شاسوار عەبدولواحید كۆمێنتەكانی سریوەتەوە، بەڵام من بە داتا هەمو بەڵگەكانم لایە و ئاڕاستەی دادگای دەكەم".

سەبارەت بە ناوەرۆكی راگەیەندراوەكەشی شادی نەوزاد لە درێژەی وتەكانیدا بۆ خەندان رایگەیاند "ئەمە ئەقڵیەتێكی تەواو پیاوسالاریە كە پێی وابێت كۆی ژن بون یاخود مرۆڤێك بە رەگەزێكی دیاریكراو لە جەستەیدا كۆبكاتەوە و دواتر جەستەكەش كورتبكاتەوە بۆ ئامرازێكی سێكسی و ناشرینی بكات، دەستەواژەی "تەعزیب و ئەمن" لەگەڵیدا بەكاربهێنێت، كە شایستەی هەڵوێستە لەسەركردنە لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانیشەوە نەك تەنها من، ئەوە عەقڵیەتێكی پیاوسالاری چەقبەستوە كە شاسوار بەكاریدەهێنێت".

لە راگەیەندراوەكەیدا، ئەو پەرلەمانتارە نوسویویەتی "لە پێناو گەرانەوەی شكۆ بۆ سیاسەت و دانەبەزاندنی ئاستی ململانێی سیاسی بۆ ئاستێكی وەها بێ ئابڕوو، وەكوو مافێكی خۆم و دژی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەو بەكارهێنانی چەمكی نا ئەخلاقی دژی ژنی كورد، من داوای یاسایی لە دادگا دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم و یاسا دەكەمە سەنگی مەحەك".