هەواڵی کوردستان ئێستا

گۆڕان: پەرلەمانتارەکانمان سەرپشکن لە وەرگرتن یان رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی

گۆڕان: پەرلەمانتارەکانمان سەرپشکن لە وەرگرتن یان رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی
گۆڕان: پەرلەمانتارەکانمان سەرپشکن لە وەرگرتن یان رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی

2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
ئەندامێکی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بە پەسەندکردنی یاسای چاکسازی هەنگاوی یەکەم لە رێکخستنەوەی خەرجی دەستیپێکردوە و قۆناغی داهاتوش بریتی دەبێت لە چاکسازی لە داهاتدا، دەشڵیت "پەرلەمانتارەکانمان سەرپشکن لە وەرگرتن یان رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی".

باوەڕمانوایە عێبرەت لە جێبەجێکردنی یاساکاندایە

ئەمڕۆ جفاتی نیشتیمانی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لە سلێمانی کۆبوەوە و دواتریش دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رونیکردەوە، "هەرچەندە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان باوەڕمانوایە عێبرەت لە جێبەجێکردنی یاساکاندایە، یاسای چاکسازی کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردوە سەرەتایەکە بۆ چاکسازی لە خەرجی و پێویست دەکات حکومەتی هەفتانە وردەکاری پرۆسەکە بۆ هاوڵاتیان رونبکاتەوە".

مەبەستمانە چاکسازییەکە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکانیش بگرێتەوە

 

لەبارەی چاکسازی لە داهاتیش ئاماژەی بەوەکرد، "دوای جێبەجێکردنی یاساکای چاکسازی لە خەرجییەکاندا، ئێمە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە داهاتیش ئامادە دەکەین کە مەبەستمانە چاکسازییەکە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکانیش بگرێتەوە".

لە ئەدائی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان کوردستان رازین

لەبارەی هەڵسەنگاندنی بزوتنەکەوە بۆ فراکسیۆنە پەرلەمانیەکەی لە هەولێر، دەرباز محەمەد ئەوەی خستەڕو، "ئێمە لە ئەدائی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان کوردستان رازین و داوامان لێکردون بەدوداچونی زیاتر بۆ کێشەکانی هاوڵاتیان بکەن، هەروەها لەبارەی وەرگرتن یان رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارەکانمان سەرپشک کردوە".

داوامان کردوە ئەنجومەنی چاکسازی دروستبکرێت


سەبارەت بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری چاکسازیش کە گۆڕان بڕیارە ئەو پۆستەی وەربگرێت ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە داوامان کردوە ئەنجومەنی چاکسازی دروستبکرێت و لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی هێزێکی یاسایی زیاتر وەربگرێت".