هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور لە پۆستەکەی دورخرایەوە

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور لە پۆستەکەی دورخرایەوە
وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور لە پۆستەکەی دورخرایەوە

2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور، ری یۆنگ هو لە پۆستەکەی بەخشراوە و رۆژی پێنجەشەممەش کەسێکی دیکە لە پۆستەکەیدا دەستبەکاردەبێت.

ری یۆنگ هو وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور ساڵی 1956 لە دایک بوە و کوری یۆنگ هوە  کە جێگری بەڕێوەبەری بەشی کارگێری و ئاڕاستەکردن بوە لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا، بەشی کارگێری و ئاڕاستەکردن بەرپرس بوە لە دامەزراندنی بەرپرسان بۆ پۆستە کارگێرییەکانی دەوڵەت.

دەرچوی زانکۆی بەشی زمانە بیانییەکانە لە پیۆنگیانگ


ئەو بەرپرسە کۆرییە کە توانیویەتی بە شێوەیەکی رەوان بە زمانی ئینگلیزی گفتوگۆ بکات، بە گوێرەی رۆیتەرز دەرچوی زانکۆی بەشی زمانە بیانییەکانە لە پیۆنگیانگ، لە ماوەی رابردوشدا ژمارەیەک پۆستی وەرگرتوە کە تایبەتمەند بون بە گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا.

2003 بۆ 2007 باڵیۆزی کۆریای باکور بوە لە بریتانیا


ری یۆنگ  لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2007 باڵیۆزی کۆریای باکور بوە لە بریتانیا، دواتریش کراوەتە بریکاری وەزارەتی دەرەوە و رۆڵێكی فراوانی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەیدا هەبوە.

تائێستا شوێنگرەوەی ری یۆنگ  لە وەزارەتی دەرەوە دیارینەکراوە


بە گوێرەی سەرچاوەکەی رۆیتەرز، تائێستا شوێنگرەوەی ری یۆنگ  لە وەزارەتی دەرەوە دیارینەکراوە، بەڵام بڕیارە رۆژی پێنجەشەممەش کەسێکی دیکە لەو پۆستەدا دەستبەکاردەبێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆریای باشور لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پیۆنگیانگ، بەرپرسانی سیئۆن بە ئاژانسەکەیان راگەیاندوە، ئەوان بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆریای باکور دوای لادانی ری یۆنگ دەکەن.