هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌رله‌مان بۆ KDP: ورده‌كاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئاشكرا ده‌كات

په‌رله‌مان بۆ KDP: ورده‌كاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئاشكرا ده‌كات
په‌رله‌مان بۆ KDP: ورده‌كاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئاشكرا ده‌كات

2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ھەولێر-KDP.info- بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەبێت ھاووڵاتیان دوای ٦ مانگ لە دەرچوونی یاساكه‌ سەردانی شارەوانییەکان بکەن، بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھەرکەسێک لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە سەردانی شارەوانییەکان نەکات، مافی نامێنێت ‌و زەوییەکەی بە ناو ناکرێت.

شوان کەریم محەممەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەبێت خەڵکی سەردانی شارەوانیی ناوچەکانیان بکەن، ھەروەھا ماوەی شەش مانگیش بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکان دیاریکراوە و لە ماوەی ٢ ساڵیشدا ھەر ھاووڵاتیەک دەست بە مامەڵەكردن نەکات، دواتر مافی نامێنێت.

کەریم زیاتر روونیشی کردەوە، بە پێی پرۆژە یاساکە و لە دوای واژۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ماوەی ٦ مانگ بۆ وەزارەتی شارەوانی داندراوە تاوەکو لیژنەکانی خۆی پێکبھێنێت و بزانێت چەند خانوی زێدەرۆ ھەیە، ھەربۆیە مۆڵەتی دوو ساڵ بە ھاووڵاتیان دراوە تاوەکو مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن و لەو ماوەیەشدا دەبێت تەواوی پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ده‌شڵێت، جگە لە خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراوان ئەوەی پێشووتر سوودمەند بووبێت لە حکوومەت، ئەوکات نرخی زەویەکەی بە نرخی رۆژ بۆحیساب دەکرێت.

۳۰ـی ۱۰ـی ۲۰۱۹پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگی ۱۰۰پەرلەمانتار دەنگیان بە پڕۆژە یاسایی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دا و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش واژۆیی كردووه‌.

بەپێی یاسای تاپۆکردنی ئەو زەویانەی زێدەڕۆییان کراوەتە سەر، لەنێو سنووری پارێزگاکان تاوەکو ٢٥٠ مەتر بە ١٥ - ٣٠ ھەزار دینار ‌و لە قەزاکان تاوەکو ٣٠٠ مەتر بە ١٠- ١٥ ھەزار دینار ‌و لەنێو ناحیەکانیش تاوەکو ٣٥٠ مەتر بە ٨ - ١٠ ھەزار دینار بە ناوەوە دەکرێت، ئەو کەسانەیش ئەو زەویانەیان بە ناوەوە دەکرێت، بە سوودمەند لە حکوومەت ئەژمارناکرێن.

 

ھەڵکەوت محەمەد