هەواڵی کوردستان ئێستا

لەسەر سکاڵایەکی ئارام شێخ محەمەد رۆژنامەنوس سورکێو محەمەد دەستبەسەرکرا

لەسەر سکاڵایەکی ئارام شێخ محەمەد رۆژنامەنوس سورکێو محەمەد دەستبەسەرکرا
لەسەر سکاڵایەکی ئارام شێخ محەمەد رۆژنامەنوس سورکێو محەمەد دەستبەسەرکرا

2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

رۆژنامەنوس سورکێو محەمەد، سەرنوسەری ماڵپەڕی پەرەگراف لەسەر سکاڵایەکی ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستبەسەرکرا.

سورکێو محەمەد، سەرنوسەری پەرەگراف بەیانیی ئەمڕۆ چوەتە بنکەی پۆلیس لەسەر سکاڵایەکی دیکەی ئارام شێخ محەمەد،  جێگری پێشوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستگیرکرا، کە 16ی ئەم مانگە لەسەری تۆمارکراوە.

چوارشەممەی رابردو لەسەر سکاڵایەکی دیکەی ئارام شێخ محەمەد، سەرنوسەری پەرەگراف لەبەردەم دادوەر ئامادە بو و بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام پێنجشەممەی رابردو ئارام شێخ محەمەد سکاڵایەکی دیکەی لەسەر سەرنوسەری پەرەگراف تۆمارکردوە.

سکاڵا نوێیەکەی ئارام شێخ محەمەد بە یاسای سزادانی عێراقی تۆمارکراوە

 

ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاویکردەوە، "سکاڵا نوێیەکەی ئارام شێخ محەمەد بە یاسای سزادانی عێراقی تۆمارکراوە"، دوای ئەوەی چوەتە دادگا، ھێشتا دادوەر سەرنوسەری پەرەگرافی نەبینیوە لەسەر ئەم سکاڵایە، بەڵام دوای وەرگرتنی ئیفادە لەلایەن پۆلیسەوە، بە سەرنوسەری پەرەگراف وتراوە "تۆ دەستبەسەریت جارێ بمێنەرەوە".

ساڵی رابردو پەرەگراف بڵاویکردەوە، ئارام شێخ محەمەد 5 ئۆتۆمبێلی حكومیی لایەو دوای تەواوبونی كارەكەی نەیگەڕاندونەتەوە

 


ساڵی رابردو ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاویکردەوە، ئارام شێخ محەمەد، جێگری دوەمی سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق، 5 ئۆتۆمبێلی حكومیی لایەو دوای تەواوبونی كارەكەی نەیگەڕاندونەتەوە.

بەرلەو بەدواداچونەش لە مانگی 4ی ساڵی رابردو بەڵگەنامەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە لەبارەی نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی دیكەی حكومەت هەر لەلایەن ناوبراوەوە.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا لە هەمو راپۆرتەكانیدا داوای لە بەرپرسانی حكومی و حزبی كردوە، لە كێشەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنوسان پەنا بۆ یاسا ببەن، بەیاسا كێشەكانیان یەكلابكاتەوە.

ئێمە داوای یاسایی بە هەنگاوێكی پێشكەوتو دەزانین، ئەگەر بە نیازی گەرانەوەی ماف بێت بۆ خاوەن ماف

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە داوای یاسایی بە هەنگاوێكی پێشكەوتو دەزانین، ئەگەر بە نیازی گەرانەوەی (ماف بێت بۆ خاوەن ماف) نەك بكرێنە فشاری سەر میدیاكان، تا باس لە كەیسە هەستیارەكان نەكەن".

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکردوە، كاری جدیان كردوە تا كەیسەکانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، بە یاسای تایبەت بە رۆژنامەگەری لە دادگاكان یەكلابکرێنەوە، لەو كەیسانەیشدا مامەڵەی "تاونبار و بكوژ" مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوس نەكرێت، دەسبەسەركردن وەك تۆڵەكردنەوە بەكار نەیەت.