هەواڵی کوردستان ئێستا

"ڕەوشی عێراق بەرەو دژواریی زیاتر دەچێت"

"ڕەوشی عێراق بەرەو دژواریی زیاتر دەچێت"
"ڕەوشی عێراق بەرەو دژواریی زیاتر دەچێت"

2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- دوو ڕۆژە خۆپێشاندانەکانی عێراق جارێکی دیکە توندوتیژییان بە خۆوە بینیوە و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا پێی وایە، دوو ڕێگا ھەن، یان دەبێ کاتی حکوومەتی کار بەڕێکەر درێژ بکرێتەوە، یانیش ھەموو پێکھاتەکان لەسەر ناوێک ڕێک کەون و شەقامیش پێی ڕازی بێت.

خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و عێراق پێویستی بە حکوومەتێکی نوێ ھەیە، بەڵام بەھۆی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ئێستای عێراقەوە زەحمەتە بتوانن کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەن، لەوەشدا پێویستە دەرچەیەکی نوێ ھەبێت بۆ دەربازکردنی عێراق لەو ئاڵۆزییانە و پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، لەبەر ئەوەش، باشترین چارەسەر ئەوەیە کاتی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران درێژ بکرێتەوە بۆ چەند مانگێکی دیکە، تا ڕەوش ئاسایی دەبێتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: "بەداخەوە خۆپێشاندانەکانی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر دەبن و بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندان مافێکی دەستووری و یاساییی ھاووڵاتیانە، بەڵام توندۆتیژییەکان کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی عێراق و پڕۆسەی سیاسی ھەیە."

خالیدە خەلیل جەختی کردەوە: "تا کوتلە سیاسییەکان لەسەر ناوێک دەگەنە ڕێککەوتن، لە لایەن شەقامەوە ڕەت دەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوانەیشی شەقام ناویان دەھێنن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لایەنەکان پێیان ڕازی نین، ئەوەش وای کردووە ڕەوشەکە لە عێراق دژوارتر بێت و نەگەنە ئەنجامێک بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران."

پەیوەست بە یەکلاکردنەوەی سەرۆکوەزیرانێک، کە ھەموو لایەک لەسەری ڕازی بن، خەلیل گوتی: "پێویستە تەوافوق ھەبێت لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق لەسەر یەک ناو کە ببێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران و لای شەقامی عێراقیش کەسێکی قبووڵکراو بێت."

قائید میرۆ