زێدان برادۆستی: ئەمساڵ پڕۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات
هەولێر-KDP.info- بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای پێداچوونەوە و گەڕانەوەی داھات لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ژمارەیەک فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت. پەرلەمانتارێکیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ پڕۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات.
زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەنێو پڕۆژەیاسای چاکسازیدا ئاماژە بە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەکراوە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە لە دوای کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، ژمارەیەک فەرمانبەر دابمەزرێنێت، ئەوەش دوای خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای چاکسازی و کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "لە سەرەتادا فەرمانبەرانی گرێبەست دادەمەزرێن و ئەولەویەت بۆ گرێبەستەکان دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەرچووانی دیکەش دەگرێتەوە و بەپێی پێویستی فەرمانگەکان و ھەبوونی پارە ژمارەیان دیاری دەکرێت."
زێدان برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێشتا یاسای چاکسازی نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردن تا ژمارە و کاتی دامەزراندنی فەرمانبەران ئاشکرا بکرێت، بەڵام دڵنیام ئەمساڵ پڕۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات."
بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکەی ٧٠ ھەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن.
قائید میرۆ