هەواڵی کوردستان ئێستا

دەزگا هەواڵگرییەكان شوێنگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرادەكەن

دەزگا هەواڵگرییەكان شوێنگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرادەكەن
دەزگا هەواڵگرییەكان شوێنگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرادەكەن

2020-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

بەپێی زانیارییەكانی دو سەرچاوەی هەواڵگری نهێنی،"سەركردە نوێیەكەی رێكخراوی چەكدارانی داعش پشتڕاستكراوەتەوە كە ئەمیری عەبدولرەحمان ئەلمەولەوی ئەلسەلبییە"، ناوبراو یەكێكە لە ئەندامانی دامەزرێنەری گروپی چەكداری داعش و سەركردایەتی پرۆسەی بەكۆلەكردنی ئێزیدییەكانی لەئەستۆدا بوە، هەروەها واژۆی لەسەر زۆرترین كردەوە تیرۆریستیەكانی جیهان كردوە.

سەلبی تەنها چەند كاتژمێرێك لە دوای كوشتنی بەغدادی وەك سەركردەی نوێ دەستنیشانكراوە

ئەو سەرچاوە هەواڵگریانە بە رۆژنامەی گاردیانی بریتانیان راگەیاندوە،"سەلبی تەنها چەند كاتژمێرێك لە دوای كوشتنی بەغدادی وەك سەركردەی نوێ دەستنیشانكراوە".

بەگوێرەی رۆژنامەكە،"ناوبراو لەژێر ناوی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی ناوەكەی بڵاوكراوەتەوە و ئەوەش ناوە نهێنیەكەی بوە لەناو ئەو رێكخراوە  لەماوەی سێ مانگی رابردو لەدوای كوشتنی بەغدادی، هەوڵیانداوە وێنایەكی گەورەتری قورەیشی بدۆزنەوە و لەلایەن چەند تۆڕێكی سیخوڕی ناو چەكدارانی داعش دەستیان بەو زانیارییانە گەیشتوە كە قورەیشی ناوەندی بڕیاردانی داعشی بەدەستەو ناوبراو دەسەڵاتی لە سەرو هەمو سەركردەكانی داعشە لەدوای بەغدادی، ئەوەش بەهۆی ئەو دڵسۆزی و گوێڕایەڵیەی بۆ بەغدادی هەیبوە و یەكێك بوە لە بانگخوازە دیارەكانی ناو گروپەكە و كاریگەری زۆری لەسەر چەكدارەكانی ناو رێكخراوەكە هەبوە."

ئاماژە بەوەشكراوە،"ناوبراو لە خێزانێكی توركمان لە شارۆچكەی تەلەعفەر لەدایك بوە و یەكێكە لەو كەسە كاریگەرانەی رۆڵێكی گەورەی هەیە لەناو داعشداو بە رەچەڵەك توركە، بەڵام بە ناوێكی خوازراوی عەرەبی ناسراوە لەناو داعشدا كە ئەویش حاجی عەبدوڵایەو هەندێك جاریش بە حاجی عەبدوڵا قارداش بانگكراوە، هەرچەندە سەرچاوە عێراقییەكان پێیانوایە حاجی عەبدوڵا قارداش ناوی سەركردەیەكی دیكەی داعشە كە دوساڵ بەر لە ئێستا كوژراوە."

تەواوی پرۆفایلی سەلبی ئێستا لەلای دەزگا هەواڵگریەكان هەیە ئاشكرا بوە كە ئێستا ناوبراو كەسایەتییەكی بەهێزی ئاینی گروپەكەیەو واژۆی لەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەكان و سڕینەوەی نەخشەی مێژویی نەینەوا و شوێنەوارە مێژوییەكانی ئەو شارە كردوە

رۆژتامەكە نوسیویەتی،"تەواوی پرۆفایلی سەلبی ئێستا لەلای دەزگا هەواڵگریەكان هەیە ئاشكرا بوە كە ئێستا ناوبراو كەسایەتییەكی بەهێزی ئاینی گروپەكەیەو واژۆی لەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەكان و سڕینەوەی نەخشەی مێژویی نەینەوا و شوێنەوارە مێژوییەكانی ئەو شارە كردوە. بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە لە شەریعەتی ئیسلامداو زانكۆی موسڵی تەواوكردوە و لە ساڵی 2004 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركراوە و لە زیندانی گەورەی بوقاء زیندانی كراوە و هەر لەوێش بەغدادی ناسیوە و ناوبراو لانی كەم یەك كوڕی هەیە ."

لە دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لە 27/10/2019، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند بڕی پێنج ملیۆن دۆلار خەڵات دەبەخشێتە هەر كەسێك كە سەری سەلبی كە ئەوكات بە عەبدوڵا قورەیشی ناسرابو لەگەڵ دو سەركردەی دیكەی داعش بۆ بەرێت.

سەلبی وەكو جێگرەوەیەكی كاریگەر بۆ بەغدادی ناوی دەهێنرا، بەڵام پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە چەندین مانگی خایاندوە تاكو توانیویانە دڵنیا ببنەوە. بەپێی رۆژنامەكە.

هێزە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان لە هاوینی ساڵی رابردوەوە بەبەردەوامی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری زیادبونی پەلامارو هێرش لە ناوەند و باكوری عێراق، ئەوەش لەكاتێكدایە كە داعش بەرپرسیارێتی 106 هێرشی لەماوەی نێوان 20 بۆ 26ی كانونی یەكەمی 2019 لە ئەستۆ گرتوە ئەوەشی وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كوشتنی بەغدادی و ئەبوحەسەن موهاجیر سەرۆكی دەزگای راگەیاندنی گروپەكە لەقەڵەمداوە.