لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا ڤیزە هەڵدەگیرێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دەزگای پەخشی گشتیی ئیسرائیل (KAN) بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ رێککەوتن واژوو دەکرێت بۆ هەڵگرتنی ڤیزە لەنێوان ئیسرائیل و ئیماراتدا.
ئاماژەی بەوەداوە کە ئیمارات دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی ڤیزە لەسەر ئیسرائیل هەڵگرێت.
باسی لەوەشکردووە کە رێککەوتنەکە لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو و وەزیری دارایی ئەمریکا، ستیڤن منوچین و وەزیری دارایی ئیمارات، عوبەید بن حامید تەیار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گوریۆن لە تەل ئەبیب واژوو دەکرێت، پاشانیش راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ شاندێکی ئیمارات سەردانی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ حکوومەتی تەل ئەبیب-دا، زنجیرەیەک رێککەوتن واژوو دەکات بۆ ئاسانکاریی گەشتە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا.
ئیسرائیل و ئیمارات لە ١٥ی ئەیلوولی رابردوودا لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژوو کرد.