هەواڵی کوردستان ئێستا

سائیرون: "یاسای هەڵبژاردنەكان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی"

سائیرون: "یاسای هەڵبژاردنەكان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی"
سائیرون: "یاسای هەڵبژاردنەكان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی"

2020-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

فراكسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەك پرسی هەن كە دەبێت یەكلایی بكرێنەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، برەخسێندرێت.

لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون، غایب عیمیەری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی نوێنەران هەوڵدەدات یاسایەكی تایبەت بە هەڵبژاردنەكان دەربكات كە دادپەروەرانە و جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت و گوتی:

"یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی".

ئەو گوتیشی: "ژمارەیەك پرس هەن كە دەبێت یەكلایی بكرێنەوە بۆئەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو برەخسێندرێت و زۆرترین دەنگدەر بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكەن لەوانە؛ پرسی كۆنترۆڵكرنی هەڵگرتنی چەك لە دەرەوەی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران".

غایب عیمیەری جەختی لەسەر ئەوەیش كردەوە كە گرنگە پارەی سیاسی بەكارهێنراو لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا كۆنترۆڵ بكرێت و ئاماژەی بەوەیشداوە كە كۆمیسیۆنی نوێی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەڕێگەی تیروپشكەوە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی دوور بێت لە دەستوەردانی پارت و فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران.

پێشتر لیژنەی یاسای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو كە نەرمی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە بۆ ئەوەی لەبارەی دابەشكردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەر پارێزگایەك بگەن بە رێككەوتن.