هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری کارەبا: کارەبا دەدەینە کەرتی تایبەت و نرخیش وەک خۆی دەمێنێتەوە

وەزیری کارەبا: کارەبا دەدەینە کەرتی تایبەت و نرخیش وەک خۆی دەمێنێتەوە
وەزیری کارەبا: کارەبا دەدەینە کەرتی تایبەت و نرخیش وەک خۆی دەمێنێتەوە

2020-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لەسەر داوای لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد بۆ روونکردنەوە لەسەر پرۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئامادەی دانیشتنێکی لیژنەکە بوو.

کەمال محەمەد دوای کۆتایی هاتنی کۆبووەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لەسەر داخوازی لیژنەی وزە و سامانی سروشتی ئامادەی کۆبوونەوەیەک بووین لەگەڵیاندا بۆ پێدانی زانیاری لەسەر پرۆژەی پێدانی کەرتی کارەبا بە کەرتی تایبەت، هەرچەندە پرۆژەکە هێشتا لە قۆناغی ئامادەکردنی تەندەردایە و هێشتا تەندەرەکەشی تەواو نەبووە".

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد راشیگەیاند "ئامانجی سەرەکی لە پرۆژەکە پێدانی کارەبایەکی باشتر بە تێچوویەکی کەمتر لەسەر حکوومەت بەهەمان نرخ بۆ هاووڵاتییان کە ئێشتا هەیە، خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە نرخی کارەبا هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، تەنها رێکخستنە و یەکێکە لەو چاکسازییانەی لە بواری کارەبادا دەکرێت".

کەمال محەمەد دەربارەی کاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە گوتی: "پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەندەرەکە ئامادەبێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەسەدا ٧٠ی ستاف و کارمەندی پێویستیش بۆ پرۆژەکە کارمەندانی حکوومەت دەبن".

وەزیری کارەبا راشیگەیاند "ئامانجمان ئەوەیە لەم پرۆژەیە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەرەو باشتر بچێت، دەمانەوێت هاووڵاتی تەنها لە یەک لاوە پارەی کارەبا بدات نەک دوو جۆر و دوو جار پارە وەک ئەوەی ئێستا هەیە پارەی مۆلیدەی ئەهلیش دەدەن و کارەبای گشتیش".

کەمال محەمەد دەربارەی بڕی ئەمپێرەکانی کارەبا کە لەم پرۆژە نوێیەدا دەدرێت بە هاووڵاتییان وەزیری کارەبا گوتی: "ئێمە دوو جۆر پێوەری کارەبامان هەیە کە دەدرێت بە هاووڵاتییان یەکەمیان سینگل فێس ٨٠ ئەمپێرە و سریفێس ٦٠ ئەمپێری، بەڵام ئەمەیان ٦٠ کەڕەتی سێ دەبێت".

گوتیشی: "ئێستا پێوەرێکی نوێ بۆ کارەبای هاوبەشەکان دادەنرێت کە پێوەری زیرەکە، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە بەتەواوی کێشەی زیاد نووسین و حسابکردنی بۆ بەکارهێنانی کارەبا چارەسەر دەبێت و ئەوکات هاووڵاتی چەند سەرف بکات ئەوەندە پارەی بۆ دەچێتەوە".

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد دەربارەی چارەنووسی مۆلیدە ئەهلییەکانیش کە ئێستا لە شارەکاندا کاردەکەن و کارەبای هاونیشتمانیان دابین دەکەن رایگەیاند "هەر وەختێک کارەبا باشبوو، ٢٤ کاتژمێر کارەبا هەبوو مۆلیدەکان کاریان نامێنێت، چونکە ئەو کات بڕواناکەم کەس هەبێت پارەی مۆلیدە بدات کە کاری پێی نەبێت".

دواتریش جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، گولیزار رەشید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئامادەبوونی وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەی لیژنەکەماندا، رێگایەکی ئاسایی بوو وەک چۆن پێشتر پەرلەمان میوانداری وەزیرەکانی دیکەی کردووە، بەهەمان شێوە میوانداری وەزیری کارەباشمان کردووە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگ بوو ئەوەیە کە بزانین روئیای حکوومەت بۆ داهاتووی کارەبا چییە لە کۆبوونەوەکەدا، باسی پرسی بەهاوبەشکردنی کارەبامان کرد و پرسی وێستگەکانی کارەبا و هەماهەنگی پەرلەمان لەگەڵ حکوومەت بۆ پرسی کارەبا، هەروەها باسی بەرهەمهێنانی کارەبامان کرد لە وەرزە جیاوازەکاندا و پرسیاری ئەوەمان کرد کە حکوومەت بۆ ئەم قۆناغە چۆن دەتوانێت سەعاتەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکات بە تایبەت لە وەرزی زستاندا".

گولیزار رەشید دەربارەی پرۆژەی بە تایبەتکردنی کەرتی کارەبا گوتی: "ئێمە وەک پەرلەمان چاودێرێکی جددی دەبین لەسەر پرۆژەکە و جێبەجێکردنی و ئەو کۆمپانیایانەی پرۆژەکە وەردەگرن".