هەواڵی کوردستان ئێستا

بەدواداچوون بۆ سەلامەتی تەندروستی پلاستیکی بتڵی ئاو دەکرێت

بەدواداچوون بۆ سەلامەتی تەندروستی پلاستیکی بتڵی ئاو دەکرێت
بەدواداچوون بۆ سەلامەتی تەندروستی پلاستیکی بتڵی ئاو دەکرێت

2020-10-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

قایمقامی سلێمانی دەربارەی گرتنەبەری رێکاری تەندروستی بۆ بەکارهێنانی ئەو ماددە پلاستیکیانەی دەبە و پەرداخی ئاویان لێ دروست دەکرێت لەگەڵ نوێنەری کارگەکان و فەرمانگەکانی تەندروستی، وەبەرهێنان، کوالێتی کۆنترۆڵ، ژینگە و چاودێری بازرگانی کۆبوویەوە.

ئاوات محەمەد دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، رایگەیاند "کۆبوونەوەکەمان بەمەبەستی بەدواداچوونی کاری ئەو کارگانە بوو کە ئاو بەرهەم دەهێنن لە شاری سلێمانی و شارەکانی دیکەش، بڕیارماندا بە دروستکردنی لیژنەیەکی زانستی لە تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆل، ژینگە و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری کوالێتی کۆنترۆڵدا کاردەکەن و نوێنەری ئەو کارگانەی لەبواری بەرهەمهێنانی ئاو کاردەکەن لە شاری سلێمانی بۆئەوەی راپۆرتێکی زانستی تەواومان بدەنێ لەسەر ئەو ماددە پلاستیکیەی بەتایبەت لە ئاوی پەرداخەکاندا بەکاردێت و دڵنیایمان بدەنێ کە ئەو ماددە پلاستیکییە لە رووی ستاندارد و کوالێتییەوە هیچ کیشەیەکی نییە و مەترسی لەسەر تەندروستیمان دروست ناکات، چونکە هەموومان دەزانین ئاو چەند گرنگە بۆ ژیان و بابەتێکیشە پەیوەندی بە تاک بە تاکمانەوە هەیە و کەسمان نییە رۆژانە ١٠ بۆ ١٢ پەرداخ ئاو نەخواتەوە".

گوتیشی: "ئەو لیژنە زانستییە لە ماوەی دوو هەفتەدا، راپۆرتێکمان دەداتێ بۆئەوەی بەتەواوی دڵنیابین لەسەر ستاندارد و لایەنی کوالێتی ئەو ماددانەی پەرداخەکەی لێ بەرهە دەهێنرێت".

قایمقامی سلێمانی، ئاوات محەمەد دەربارەی هەڵگرتنی ئاو دوای بەرهەمهێنان لە کۆگاکان و مارکێتەکاندا رایگەیاند "شێوازی گواستنەوەی ئاو دەبێت بە شێوازێکی وابێت ئەو ئوتومبیلەی ئاوەکەی پێدەگوێزرێتەوە ساردکەرەوەی تێدابێت و پلەی گەرماکەی لە ٢٥ پلەی سەدی زیاتر نەبێت، هەروەها ئەو کۆگایانەی کە ئاوەکەی تێدا هەڵدەگیرێت دەبێت مۆڵەتیان هەبێت بەپێی ستاندارد و پلەی گەرمی لەو کۆگایانەدا نەگاتە سەروو ٢٥ پلەی سەدییەوە".

گوتیشی: "جگە لەوە نابێت تیشکی خۆر بەهیچ جۆرێک لەو ئاوانە بدات چ لە کاتی گواستنەوەیان چ لە کاتی هەڵگرتنیان لە کۆگاکان و چ لە کاتی دانانی لە مارکێت و مینی مارکێتەکاندا".

قایمقامی سلێمانی، ئاوات محەمەد سەبارەت بە مارکێت و مینی مارکێتەکانی گەڕەک و کۆڵانەکانیش گوتی: "پێشتریش ئیمە ئاگادارمان کردوون، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە جارێکی دیکە مارکێت و مینی مارکێتەکان ئاگادار دەکەینەوە بەهیچ جۆرێک رێگەیان نادرێت ئاو لە شوێنێکدا هەڵبگرن کە تیشکی خۆر لێی بدات یان شوێنێک بێت پلەیەکی گەرمی زۆری هەبێت و بگاتە سەروو ٢٥ پلەی سەدی. لە هەر شوێنێک ئەو حاڵەتانە بەدی بکەین شوێنەکە دادەخەین و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر".