ماوەی یاسایی بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران ٥٠ رۆژ تێپەڕیوە
بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دۆخی ئەمڕۆی عێراق مەترسیداره و دەشڵێ، ناوەكان بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دێن و دەچن و پێویستیشە زوو ماڵی شیعە ئەم بابەتە یەكلا بكەنەوە.
پەیوەست بە كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ناوەكان دێن و دەچن، ھەندێك ناو ھەیە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەڵام تاوەكو ئێستا لە نێو ماڵی شیعە رێككەوتن لەسەر ناوێك نەكراوە.
ناوبراو جەختی كردەوە، كە دۆخەكە زۆر ھەستیار و مەترسیدارە، گرینگە زوو ئەم بابەتە لەلایەن شیعەكانەوە یەكلا بكرێتەوە، تاوەكو ئێستاش دوو تا سێ ناو لای سەرۆككۆماری عێراقە، ھاوكات ماوەی یاسایی بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ٥٠ رۆژ تێپەڕیوە، دۆخەكەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەرەو خراپتر دەڕوات.
سەبری ئاماژە بەوە دەكات، كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، تەوافوقی ماڵی شیعەی پێویستە، كە زۆر گرینگە بۆ ئەو كاندیدە، ھاوكات ھەر ناوێك بێت دەبێت یەكەمین جار ماڵی شیعە رێككەوتنی لەسەر بكەن و دواتر ئێمە و لایەنەكانی تر بۆچوونی خۆمانی لەو بارەوە دەڵێین.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیدەگەیەنێت، ئەم بارودۆخە بۆ تەواوی عێراق زەرەرە نەك تەنھا بۆ كورد، خۆپێشاندانەكانیش روویان لە گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر كردووە و دەشگوترێت ڕۆژی ھەینی خۆپێشاندانی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت، بەم پێیەش ئەم بارودۆخە ئەوە دەگەیەنێت، كە حكوومەت نەماوە.
ھەڵكەوت محەمەد