"حکوومەت ئامادەکاری بۆ وەرگرتنەوەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەکات "
هەولێر-KDP.info- لە ھەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی نێو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەلایەن وەبەرھێنەرەوە پێشکەش بە دانیشتووانی نێو یەکەکان دەکرێت و مانگانە پارەیەکی زۆر لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و فڕێدانی زبڵ و سیکیۆرێتی لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان بڕیاری داوە خزمەتگوزاری بە شێوەی بێبەرامبەر وەک ھەر گەڕەکێکی دیکە پێشکەش بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بکات و نابێت وەبەرھێنەر بەرامبەر وەرگرتنی پارەیەکی زۆر خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتووانی نێو یەکەکانی نیشتەجێبوون بکات."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتی: "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتاڕۆژی وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزاری لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە ڕۆژی ١/٦/٢٠٢٠ دەبێت و لەو ڕێکەوتە بەدواوە نابێت بە ھیچ شێوەیەک بەرامبەر بە خزمەتگوزاری پارە لە خەڵکی وەربگیرێت.'
سامان عارەب ڕوونی کردەوە: "ئێستا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و کارەبا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی پڕۆژەکان وەربگرینەوە لە وەبەرھێنەران و حکوومەت خۆی ئیدارەیان بدات."
قائید میرۆ