25 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له شارى هه‌ولێر دروستده‌كرێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئینستیوتی ئابووری به‌ژماره، له‌باره‌ى دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له شارى هه‌ولێر زانیارى ده‌خاته‌ڕوو، كه نرخى شوقه له 500 دۆلاره‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ هه‌زارو 200 دۆلار.
به‌پێی شیكردنه‌وه‌یه‌كی ئینستیوتی ئابووری به‌ژماره به ناونیشانی: زۆربوونی پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له هه‌ولێر؛ خواستی بازار یان نه‌بوونی پلانی خستنه‌ڕوو؟!" به‌رزترین نرخی یه‌ك مه‌تر شووقه 1,200 دۆلاره و كه‌مترین نرخی یه‌ك مه‌تر گه‌یشتوه‌ته 500 دۆلار.
له‌و باره‌یه‌وه بیلال سه‌عید، سه‌رۆكی ئینستیوتی ئابووری به‌ژماره به دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ى ڕاگه‌یاند: له‌ڕیگه‌ی 24 پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون (شووقه) زیاتر له 25 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ماوه‌ی سێ ساڵی داهاتوو له هه‌ولێر دروستده‌كرێت، زۆرترین پرۆژه‌ی نیشته‌جیبوون ده‌كه‌وێته پرۆژه‌ی ڕامی تاوه‌ر له‌ناوچه‌ی زێڕین، كه‌مترین ده‌كه‌وێته پرۆژه‌ی په‌رۆش توێن تاوه‌ر.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، یه‌ك له سه‌ر چواری پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیای "لالاڤ" جێبه‌جی ده‌كرێت و به‌ته‌واوكردنی پرۆژه‌كان كۆمپانیاكه ده‌بێته خاوه‌نی زۆرترین یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه، قیست له‌ناو پرۆژه‌كان له 12 قیسته‌وه ده‌ستپیده‌كات تاوه‌كو 2 ساڵ و زۆرێنه‌ی پرۆژه‌كانی لالاڤ قیسته‌كانیان دور مه‌ودایه.
بیلال سه‌عید وتیشى، به‌رزترین تاوه‌ر له‌كۆی 24 پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون كه بڕیار وایه بێته بازار، پرۆژه‌ی سكای تاوه‌رزه كه 40 نهۆمه، نزمترین تاوه‌ریش پرۆژه‌ی پاك لانده كه 11 نهۆمه، له‌كۆی 24 پرۆژه، 16 پرۆژه‌ی ده‌كه‌وێته شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی( 100 مه‌تری، 120 مه‌تری، 40 مه‌تری) 8 پرۆژه دیكه‌ش ده‌كه‌وێته ڕیگا سه‌ره‌كییه‌كانی(كۆیه، بحركه، موسڵ، كه‌ركوك) هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كی وه‌زیران.
لایه‌نه ئهرینیهكانی زیادبوونی پرۆژه‌كان:
دروستبوونی جوڵه‌ی زیاتر له‌بازاری خانووبه‌ره.
هاتنی سیویله‌یه‌كی زۆر له ماڵه‌كانه‌وه بۆ بازار.
زیادكردنی قیسته‌كانی كڕینی یه‌كه‌كانی نیشه‌جێبوون.
زیادبوونی پرۆژه‌ی جیاواز له زۆنی جیاواز له هه‌ولێر.
دروستبوونی كێبه‌ركی له پرۆژه‌كان له ڕووی نرخ و جۆری جیاواز.
زۆربوونی پرۆژه‌كان و لایه‌نه نهرینیهكان:
له‌هه‌ندێك شوێن خستنه‌ڕوو له خواستی بازار زیاتره.
گۆڕانكاریه‌كان له‌نرخ سنورداره به‌تایبه‌ت له زۆنی زێڕین.
پرۆژه‌كان له ئاستی هاوڵاتیانی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت نییه.
زۆرێنه‌ی پرۆژه‌كان له‌یه‌ك زۆنی دیاریكراو كۆبووه‌ته‌وه.
گۆرانكاریی له‌زیادكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان دروست نه‌بووه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پیویسته چی بكرێت:
1. ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ڕاپۆرتی وه‌رزی و ساڵانه له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی كه‌رتی خانووبه‌ره له‌ڕووی سه‌رمایه و جۆری پرۆژه‌ی و ماوه‌ی پرۆژه‌كان بخاته‌ڕوو.
2. بۆ نه‌هێشتنی فه‌وزای پێدانی مۆڵه‌ت له‌نێوان وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان زۆر گرنگه "دامه‌زراوه‌ی نیشته‌جێبوون" له كوردستان دابمه‌زرێت بۆ زانینی خواستی هاوڵاتیان و ئاستی خستنه‌ڕوو.
3. كاتی ئه‌وه‌یه سه‌ندیكایه‌كی تایبه‌ت به كه‌رتی خانووبه‌ره له كوردستان دروستبكرێت به‌ئامانجی یه‌كخستنی توانای كۆمپانیاكانی خانووبه‌ره و ڕێگریكردن له ماف خواردنی هاوڵاتیان.
4. گرنگه حكومه‌ت داكۆكی له پرۆسه‌ی دابه‌زاندنی نرخه‌كان بكات و كێبه‌ركی زیاتر له‌نێوان خاوه‌ن پرۆژه‌كان بهێنیته كایه‌وه به ئامانجی دابه‌زاندنی نرخه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان.
5. پیویسته له‌ئاستی پارێزگاكان پرۆسه‌ی ماركیتین له‌بواری كه‌رتی خانووبه‌ره بخرێته بواری جێبه‌جێكردن به‌ئامانجی دروستبوون و په‌ره‌پێدانی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی له‌كه‌رتی خانووبه‌ره‌ی كوردستان.