هەواڵی کوردستان ئێستا

پەرلەمان و حکوومەت دەرچەیەکی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە دەدۆزنەوە

پەرلەمان و حکوومەت دەرچەیەکی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە دەدۆزنەوە
پەرلەمان و حکوومەت دەرچەیەکی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە دەدۆزنەوە

2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 دەکات و لەگەڵ حکوومەت هەوڵ بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی دەدەن.

محمەد ئەمین فارس ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند،   پەرلەمان چاوەرێی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 دەکات.

محەمەد ئەمین فارس هەروەها رایگەیاند، بڕیار بوو لە کۆتایی هەفتەی رابردوو پرۆژەیاساکە بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگەیاندووە، بەپێی یاسا ناتوانێ پرۆژەیاساکە بنێرێتە پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەرلەمان و حکوومەتی کاربەڕێکەر لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، بۆ پەرلەمان.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.