هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمساڵ زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ دەكرێن

ئەمساڵ زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ دەكرێن
ئەمساڵ زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ دەكرێن

2020-01-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی داناوە و ئەمساڵ زیاتر لە هەزار پڕۆژە جێبەجێ دەكات.

یاسین مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی داناوە بۆ ئەمساڵ كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵی دانانی پلانێكی تۆكمەیە بۆ ئامادەكردنی لیستی پڕۆژەكان و لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیش لیژنەیەك پێك هێندراوە بە سەرۆكایەتیی د. ئومێد سەباح، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكان بكات، بۆیە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەكرێن، كە خزمەت بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەن.

مەحموود گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بودجە بۆ سەرجەم ئەو پڕۆژانە تەرخان بكات، كە تائێستا تەواو نەكراون و هەر لەمساڵدا زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.

گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، حكوومەت بەرنامەی ئەوەشی داناوە هەندێك سەرمایەدار و كۆمپانیای گەورە بە قەرزی درێژخایەن یاخود بە شێوازی دیكە چەندین پڕۆژە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، بۆیە حكوومەت بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی لە كابینەی نوێدا دایناوە.

 

بڵند ئیبراهیم