هەواڵی کوردستان ئێستا

نادر ڕۆستی: پێشبینیی ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار دەکرێت

نادر ڕۆستی: پێشبینیی ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار دەکرێت
نادر ڕۆستی: پێشبینیی ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار دەکرێت

2020-01-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر -KDP.info- ڕۆژانی ڕابردوو دەستەی گشتیی گەشتوگوزار پلانی ئەمساڵی بۆ کەرتی گەشتوگوزار ئامادە کرد و گوتەبێژی دەستەکەش ئاشکرای کرد، ئامادەکاری دەکەین بۆ ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاری تا ساڵی ٢٠٢٥ ئامادە کراوە، بەڵام ئێمە ئێستا کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانی ئەمساڵی گەشتیاری دەکەین و پێشبینیی ھاتنی چوار ملیۆن گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەین."

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ساڵی ڕابردوودا پلانی گەشتوگوزار ٧٨%ی جێبەجێ کراوە و سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو، دەمانەوێ بۆ ئەمساڵیش بە ھەمان شێوە پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری."

نادر ڕۆستی دەڵێت: "ڕەوشی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەریی خۆی ھەبووە لەسەر کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان، چونکە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە عێراق و ناوچەکە کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاران ھەیە، سەرەڕای ئەوەش، گەشتیاران ھەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی سەقامگیر دەزانن بۆ گەشتکردن."

قائید میرۆ