پانۆڕامای بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس
داڤۆس-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەفەرمی لە لایەن کۆڕبەندی ئابووریی جیهانەوە بانگهێشت کرا و بەشداری کۆڕبەندەکە بوو، چەندین دیداری گرینگی مێژووییی لەگەڵ چەندین سەرۆک و وەزیرانی وڵاتان ئەنجام دا، کە گرینگ‌ترینیان دیداری سەرۆکی ئەمەریکا بوو. هاوکات لە ڕۆژی سێیەمی کۆڕبەندەکە لە پانێڵێکدا بە ناوی ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستى ناسه‌قامگیر، گوتاری خۆی دا و تیشکی خستە سەر بارودۆخی عێراق و جەختیشی لە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کرد.
نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ كۆ ده‌بێته‌وه
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به داوه‌تێكى فه‌رمى به‌شداریی له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى داڤۆس کرد، كه ڕۆژانى ٢١ تا ٢٤ى ئه‌م مانگه و له یادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا به‌ڕێوه چوو و، تێیدا به ناونیشانى: "لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوام"دا تیشك خرایە سه‌ر پرسه جیهانییه‌كانى تایبه‌ت به ئابوورى و سیاسه‌ت و ئاسایش و سه‌قامگیرى.
لەو کۆڕبەندەدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان، دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌ك له سه‌ركرده و وه‌زیران و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كۆ بووەوە. له كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى هه‌رێم و گۆڕینه‌وه‌ى بیروڕا ده‌رباره‌ى پرسه هه‌رێمى و جیهانییه‌كان تاوتوێ کران.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دانیشتنێکی داڤۆسدا، به ناونیشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستى ناسه‌قامگیر' قسەی کرد و تێیدا لێكه‌وته درێژخایه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوییه به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، كه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى ترس و نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ى جیهانى و ناوچەییی باس کرد و تیشكی خستە سه‌ر كاریگه‌ریى ستراتیژیى قه‌یرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى له كه‌نداو و عێراق و سووریا.
ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە
نێچیرڤان بارزانى و چاوشئۆغلو كۆ بوونه‌وه
پاشنیوه‌ڕۆى سێشه‌ممه، ٢١ی١ی٢٠٢٠، له په‌راوێزى به‌شداریكردنیدا له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى په‌نجاهه‌مین خولى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانى له داڤۆس، به‌ڕێز، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كورستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز، مه‌ولوود چاوشئۆغلو، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا، كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و ئه‌گه‌رى به‌هێزبوونه‌وه‌ى له ناوچه‌كه، چۆنییه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و ڕۆڵى هێزى هاوپه‌یمانان له‌م باره‌یه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه گۆڕییه‌وه.
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سوێد
هه‌ر له په‌راوێزى به‌شداریكردنیدا له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، سێشه‌ممه، ٢١ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو ئان لیند، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سوید، هاوکات دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و چۆنییه‌تیى هاوكاریكردنیان، هەروەها خۆپێشاندانه‌كان و دوایین پێشهاته‌كانى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، گرینگیى هه‌وڵى هه‌مه‌لایه‌نه بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، تاوتوێ كران. خاتوو لیند سوپاس و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى داعش و، هاوکات پاراستنى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و داڵده‌دان و هاوكاریكردنى ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌ربڕى.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌رمه‌نستان كۆ بوونه‌وه
هەر لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا و له به‌رده‌وامیى دیدار و كۆبوونهوهكهكانیدا له داڤۆس، ئێواره‌ى سێشه‌ممه، به‌ڕێز، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئارمێن سه‌ركیسیان، سه‌رۆكى ئەرمهنستان كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌ى كێشه‌كانى نێوانیان، هاوکات دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و په‌ره‌سه‌ندنى ئاڵۆزییه‌كان و گرینگیى هه‌وڵدان بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه، هەروەها ده‌رفه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه، خرانه به‌ر باس و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه ئاڵوگۆڕ كرا.
نێچیرڤان بارزانى به‌شداریى له ئێواره‌خوانى یادى په‌نجا ساڵه‌ى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا كرد
هەمان ئێوارەی سێشه‌ممه، ٢١ی١ی٢٠٢٠ و له یه‌كه‌م ڕۆژى چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا له داڤۆس، سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتانى جیهان، به‌شداریى له ئێواره‌خوانێکدا كرد، كه له‌لایه‌ن به‌ڕێز، كلاوس شواب، دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس و خاتوو هلیدا شوابى هاوسه‌رییه‌وه، له یادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ڕێك خرابوو.
له وته‌یه‌کدا به‌ڕێز کلاوس شواب به‌خێرهاتنی میوانانی کرد و، خۆشحاڵیی خۆی به به‌شداریی سه‌رکرده‌کانی جیهان له یادی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان و به‌ره‌وپێشبردنی کۆڕبه‌نده‌که ده‌ربڕی. هه‌ر لە ئێواره‌خوانه‌كه‌دا، سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى، چاوى به ژماره‌یه‌ك له به‌شدارانی كۆڕبه‌نده‌كه كه‌وت.
ڕۆژی دووەمی بەشداریکردنی کۆڕبەندی داڤۆس
دۆناڵد ترامپ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی پێش خست
بەپێی بەرنامەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووەمی دۆناڵد ترامپ لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش خست.
کۆبوونەوەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەم شێوەیە دەبن: کاتژمێر 10:20 خولەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی ئەمەریکا دەبێت، کاتژمێر 11:50 خولەک کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەمەریکا لە داڤۆس دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە داڤۆس دەستی پێ کرد. لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد.
دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەمەریکا
دوای کۆبوونەوەیان لە کۆڕبەندی داڤۆس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد؛ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەباشی کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی کوردستاندام، ئێمە کاتێکی دیاریکراومان بۆ کۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت یەکتر ببینین".
لەبارەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا گوتی: "ئێمە لە هەندێک ناوچەی سنووری سووریا دەرچووین، ئێمە زۆر بەباشی کارمان لەگەڵ تورکیا کردووە لەبارەی ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێت ناوچەی ئارام، من ئەوە بەرز دەنرخێنم کە تا دەکرێت ئەوێ سەلامەت بهێڵینەوە".
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەدا، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد و گوتی: "ئێمە هاوبەشێکی گرینگی یەکدین، سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بە یەکەوە داعشمان تێک شکاند، بەناوی گەلی کوردستانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرکردایەتی و بۆ پشتیوانییەکەت".
دەقی گوتەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا:
زۆر سوپاس، جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی کوردستاندام، ئێمە کاتێکی دیاریکراومان بۆ کۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت یەکتر ببینین. وەک خۆتان دەزانن، ئێمە سووریامان لە ناوچە سنوورییەکان بەجێ هێشتووە و ئەمەشمان بەباشی لەگەڵ تورکیا ئەنجام دا، هێندەش باش ئەنجام دراوە کە بەبیری هەر کەسێکدا هاتبێت. ئێستا ناوچەی ئارامیان هەیە و من پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە وایان کردووە، کە ئەم ناوچانە سەلامەت بن. ئێمە نەوتمان هەیە و هەندێک سەربازمان بۆ پاراستنی نەوتەکە بەجێ هێشتووە، چونکە ئێمە نەوتەکەمان بەدەست هێناوە و کاریش لەسەر ئەمە دەکەین و زۆر بەباشی پاراستوومانە. هەروەها بە هەزاران دەستگیرکراوی داعشمان هەیە، خەلافەتی (داعشمان) 100% تێک شکاند، هەروەها ئەمە ناوچەیەکی زۆر جێگەی سەرنجە. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە و جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ تۆم، زۆر سوپاس.
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە تاوەکو سوپاست بکەم بەڕێز سەرۆک بۆ پێشوازیکردن لە ئێمە لە داڤۆس، وەک خۆشت باست کرد و تۆ دەزانی ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم چرکەساتە دەکەین. سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بە یەکەوە داعشمان تێک شکاند، بۆیە بەناوی گەلی کوردستانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرکردایەتی و بۆ پشتیوانییەکەت، سوپاس.
نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سعوودیه كۆ بووه‌وه
لە نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٢ی١ی٢٠٢ ڕۆژی دووەمی كۆبوونه‌وه‌كانیدا له داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز میر فه‌یسه‌ڵ، بن فه‌رحان ئال سعوود، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه كۆ بووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى عه‌ره‌بستانى سعوودیه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى تیرۆر و گرینگیى هه‌وڵه‌كانى بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان له ناوچه‌كه، ڕه‌وشى پێكهاته‌كان له عێراق، هاوکات دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و، یارمه‌تى و هاوكارییه مرۆییه‌كانى خاچى سوورى سعوودى بۆ ئه‌وان، خرانه به‌ر باس و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه ئاڵوگۆڕ كرا.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان چاوى به سه‌رۆكوه‌زیرانى ئوردن كه‌وت
هه‌ر له په‌راوێزى به‌شداریكردنیدا له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، پاشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه، ٢٢ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، چاوى به به‌ڕێز عومه‌ر ئه‌لڕه‌زاز، سه‌رۆكوه‌زیرانى ئوردن كه‌وت.
هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن، هه‌وڵه‌كان بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و گرینگیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى تیرۆر و، چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى ههردوولایهنهیان تاوتوێ كرد.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ڕێكخراوى جایكا كۆ بووه‌وه
هه‌ر له به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى داڤۆسدا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى ئاژانسى هاریكاریى نێودوڵه‌تیى ژاپۆنى “جایكا” كۆ بووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى ئاژانسه‌كه له هه‌رێمى كوردستان و، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى جایكا و گه‌ل و حكوومه‌تى ژاپۆنى كرد بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان. به‌ڕێز سه‌رۆكى جایكا، دووپاتى كرده‌وه، كه ئاژانسى هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تیى ژاپۆنى له پشتگیرى و یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، هاوکات سوپاسى ئاسانكارى و هه‌ماهه‌نگیى داموده‌زگا و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له ئه‌نجامدانى كار و پڕۆژه‌كانیان كرد.
ڕۆژی سێیەمی بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عومان كۆ بووه‌وه
له سێیه‌مین ڕۆژى به‌شداریكردنیدا له كۆڕبهندیى ئابووریى جیهان له داڤۆس، سه‌رله‌به‌یانیی پێنجشه‌ممه، ٢٣ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز یوسف بن عه‌له‌وى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عومان كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا له بواره جیاكاندا كرایه‌وه، هه‌روه‌ها دوایین دۆخى عێراق و ناوچه‌كه و كاریگه‌ریى ئاڵۆزییه‌كان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیرى، چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، هەروەها مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌كردنى كێشه‌كانى نێوانیان، ئاڕاسته و سیاسه‌تى ئارامخوازیى عومان له ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و جیهان، تاوتوێ كران.
هەروەها نێچیرڤان بارزانى پرسه و سه‌ره‌خۆشیى خۆیشی بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى عومان دووپات كرده‌وه به له‌ده‌ستدانى خوالێخۆشبوو سوڵتان قابووس بن سه‌عید، سوڵتانى پێشووى عومان، هه‌روه‌ها پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى له سوڵتانى تازه، خاوه‌نشكۆ هه‌یسه‌م بن تارق ئال سه‌عید كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عومان ده‌ربڕى.
گوتاری سەرۆکی هەرێم لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکەدا:
نێچیرڤان بارزانی: سەرهەڵدانەوەی داعش جیددییە و عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە
لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ناتوانین خۆمان جیا بکەینەوە لەوەی تا ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە. بێگومان ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات، کاریگەریی لەسەر دۆخى ئێمەش هه‌یه. ئەوەى ئێستا گرینگە هەموومان بیزانین، عێراقی پێش ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە لە عێراقی دوای ئۆکتۆبەر، زۆر زۆریش گرینگە سیاسەتمەدارەکانی عێراق ئه‌وه تێبگەن، كه گەلی عێراق جارێکی تر قبووڵ ناکات، دۆخه‌كه بگەڕێتەوە پێش یەکی ئۆکتۆبەر.
گه‌لى عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن و پێم وایە بەو خۆپێشاندانانەی کردوویانە، پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە. دەبێ ئێمە هەست بە بەرپرسیارییه‌تی بکەین. ئەوەی زۆرم پێ سەیرە، هەتا ئێستاش باس لەوە دەکرێت، کە وڵاتانی دەرەکی دەستیان لە خۆپێشاندانەکانی عێراقدا هه‌یه. با ئێمە بڵێین لە سەدا حەفتا خەتای خەڵکی دیکەیە و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كییه، بەڵام سی لەسەد دەبێ خۆمان وەک عێراقی دابنیشین، بیر لەوە بکەینەوە كه‌موكووڕییه‌كان لە کوێ بوون، هەوڵ بدەین ئەمانە ڕاست بکەینەوە.
ڕۆڵى هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکە كه هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە دۆخه‌كه ئارام ببێتەوە، هەوڵێشمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەو كێشه‌یه دەربچین.
له به‌شێكى دیكه‌دا به‌ڕێزیان گوتى: با له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین: بۆچی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق هه‌ن؟ هاتنى هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر داواى عێراق بوو، كاتێك ساڵی 2014، كه داعش له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا نزیك بووه‌وه، حكوومه‌تی عێراق له ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه داوای یارمه‌تی كرد. ئه‌و هێزانه تا ئێستا له عێراق ماونه‌ته‌وه و یارمه‌تیی هێزه‌كانی عێراقی ده‌ده‌ن به پێشمه‌رگه‌شه‌وه، ئه‌ركیان ڕوون و ئاشكرایه، كه هاوكاریكردنی هێزه عێراقییه‌كان و مهشقپێكردنیانه له شه‌ڕی دژی داعشدا، تا ئێستاش ئه‌مه به‌رده‌وامه.
به بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام درا، كارێكی دروست نه‌بوو، جارێ دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له عێراق كه سوننه و كوردن، هه‌ردوولایان به هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان نه‌كردووه. به بۆچوونی ئێمه، عێراق پێویستی به یارمه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، چونكه پرسی داعش و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریزم له عێراق، پرسێكی زۆر جددییه و پێمان وایه ئه‌م ئامانجه به‌بێ یارمه‌تیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له سه‌روویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا، به‌دی نایه‌ت و پێویسته هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا بمێننه‌وه.
ئه‌وه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق داوای ده‌كات، کە ده‌ست به دانوستانێك بكرێته‌وه، پێم وایه ئه‌وه زۆر ئاسایییه جارێكی دیكه دانیشتن ئه‌نجام بدرێت و، شێوه‌ی كاركردنی زیاتر له‌نێوان هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا ڕێك بخرێته‌وه، به‌ڵام بۆ پرسی پره‌نسیپى مانه‌وه‌یان، پێم وایه مانه‌وه‌یان پێویسته.
پرسی سووریا، پرسێكی زۆر ئاڵۆزه و ئه‌وه‌ی له سووریا ڕوو ده‌دات، ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی چه‌ند ساڵه‌یه كه به هه‌ڵه هاتووه. كاتێك ڕووداوه‌كانی سووریا ده‌ستیان پێ كرد، دوو به‌ره هه‌بوو، به‌ره‌یه‌كیان زۆر ڕوون بوو كه یارمه‌تیی به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌دا و، له ڕووسیا و ئێران پێك هاتبوو و به جددی یارمه‌تیی سووریا ده‌ده‌ن، به‌ره‌یه‌كی دیكه هه‌بوو ئه‌وانیش وڵاتانی ئه‌ورووپی و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش، كه نه ستراتیژ و نه ڕوانگه‌یان هه‌بوو، ڕۆژێك هێڵی سوور و ڕۆژێك هێڵی شین بوو، واته كه‌س تێ نه‌ده‌گه‌یشت كه چى ده‌كرێت، بۆیه تا ئێستاش كێشه‌ی سووریا هه‌روا به‌رده‌وامه، هیچ ڕوونییه‌ك نییه ئاخۆ به چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی سووریادا بكرێت، بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه كه یارمه‌تیی برایانمان، كوردانی سووریا ده‌ده‌ین تا به چاره‌یەكی سیاسی له چوارچێوه‌ی جوگرافیای سووریادا بگه‌ن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێک لە داڤۆس لەبارەی ئاڵۆزی و پشێوییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق قسەی کرد و باسی لە گرژییەکانی عێراق، دۆخی خۆپێشاندانەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەدا لە وەڵامی پرسیاری ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان خۆی بەدوور بگرێت لەو دۆخەی لە عێراق هەیە و خۆی جیا بکاتەوە؟ ئاماژەی بەوە کرد، ڕووداوەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە عێراق جیا بکاتەوە.
هەر لە به‌رده‌وامیى چالاكییه‌كانیدا له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه، ٢٣ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداریى له دانیشتنێكدا به ناونیشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستى ناسه‌قامگیر” كرد، كه تێیدا خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرێترى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن، جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرى ئابووریى عێراق و عادل ئه‌لجوبه‌یر، وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودیه به‌شدار بوون.
تێیدا باس له لێكه‌وته درێژخایه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوییه به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، وه‌ك سه‌رچاوه‌ى ترس و نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ى جیهانى و ناوچه‌یى كرا، تیشك خرایه سه‌ر كاریگه‌ریى ستراتیژیى قه‌یرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى له كه‌نداو، عێراق و سووریا.
ده‌رباره‌ى ڕوواو و پێشهاته‌كانى عێراق، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى: دوو ـ سێ شت هەیە، گرنگه بیانزانین: یەکەم، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە باسی نەوەیەک دەکەین، کە تەمەنیان لە نێوان پازدە ساڵ تا بیست و سێ ساڵە، نە سەددامیان لەبیرە، نە ئەمه‌ریکاش، ئەمە نه‌وه‌یه‌كه داوای ژیانێکی باشتر دەکات لە عێراقدا، خۆی لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بەراورد دەکات، پێویستی بە سەفەرکردنیش نییە، دەتوانێ هەر لەسەر ئینتەرنێت و سۆشیاڵ‌میدیا بزانێ لە دنیای دەرەوە چی هەیە؟ ئەم نه‌وه‌یه ئێستا ماندوو بووە لە حوکمڕانییەکی شانزدە ـ حەڤدە ساڵه، کە ناتوانێ کەمترین پێداویستی و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بکات. ئەمە وای کردووە ئەم خەڵکە ماندوو ببێت. ئێمە دەبینین پرۆسەیەک هەیە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و دەچن بۆ هەڵبژاردن، به‌ڵام لە ئه‌نجامدا ئەوەی دەردەچێ ئەوە نییە کە ئەم نه‌وه‌یه هیواى بۆ ده‌خوازێ.
به‌ڕێزیان له وه‌ڵامى پرسیارێكدا ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق گوتى: پێم وایه كێشه‌ی گه‌وره له عێراق ئه‌وه‌یه كه “وه‌لاء” وابه‌سته‌یى بۆ وڵاتێك نییه پێی بگوترێت عێراق، ده‌بینین له عێراقدا سوننه، شیعه، توركمان و كریستیان هه‌ن، خۆ سویسراش به هه‌مان شێوه‌یه، واته ئه‌مانه سویسرین، به‌ڵام له لایه‌ك، خه‌ڵكانێك به ئه‌ڵمانی و خهكانێكی دیكه به فه‌ره‌نسی و زمانى دیكه قسه ده‌كه‌ن، كه‌چى هه‌موویان وابه‌سته‌ى وڵاتێكن كه تێیدا ده‌ژین. پێم وایه پرسه‌كه ئه‌وه‌یه كه وابه‌سته‌یى نییه، ئێمه ده‌بێت واقعی بیر بكه‌ینه‌وه، ده‌بێت فۆرمۆلێك بۆ ئه‌و وڵاته بدۆزینه‌وه و بزانین چۆن هه‌موومان پێكه‌وه بتوانین له وڵاتێكدا بژین كه پێی بگوترێت عێراق. ده‌بێت عێراق بنه‌ماى كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌كمان بێت، ئێمه كۆمه‌ڵگه‌ی زۆر جیاوازین، به‌ڵام پێم وایه جوانیی عێراق له‌وه‌دایه كه كوردمان هه‌یه، عه‌ره‌بمان هه‌یه، مه‌سیحیمان هه‌یه، توركمان، ئێزدی و سائیبه و... هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌یه. ده‌بێت ئیمه هه‌موومان بۆ خۆمان شتێك بدۆزینه‌وه كه بتوانین له‌سه‌ری ڕێك كه‌وین، پێم وایه ئه‌و شته ده‌بێ عێراق بێت.
وه‌كوو كورد ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی خۆمان له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له به‌غدا به چاوێكی دیكه سه‌یری ئه‌م پێكهاتانه بكرێت، بێگومان كێشه دروست ده‌بێت، كێشه له عێراق له‌سه‌ر چی دروست بووه؟ ساڵی 2012 و 2013 ئه‌وه‌ی كه له فه‌للووجه ڕووی دا و خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وان ته‌نیا داوای هه‌ندێك خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد، به‌ڵام چونكه پشتگوێ خرا، له ئه‌نجامدا بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی داعش دروست ببێت. ئه‌م پێكهاتانه ده‌بێت خۆیان له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ببینن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موومان بتوانین له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وین، له‌سه‌ر عێراق ڕێك كه‌وین. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌یش كه خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق باسی كرد، ده‌مه‌وێ بڵێم: بۆچوونی ئێمه ئێستاش وایه كه عێراق پێویستی به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو عێراق، به‌ڵام له كۆتاییدا ئێمه به‌شێكین له عێراق.
ڕۆژی چوارەمی بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس
نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سكرتێترى گشتیى یووئین كۆ بووەوه
لە دوایین ڕۆژى به‌شداریكردنیدا له كۆڕبه‌ندی ئابووریى جیهان له داڤۆس، سه‌رله‌به‌یانیى هه‌ینى، ٢٤ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز، ئهنتۆتیۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆ بووەوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خۆپێشاندانه‌كان و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه، هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان و ڕۆڵى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌م باره‌یه‌وه، كار و چالاكییه‌كانى یووئێن و ده‌زگا و ئاژانسه‌كانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هاوکات دۆخى ئاواره‌كانى عێراق و په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنیان، هەروەها پرۆسه‌ى سیاسیى و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى عێراق، تاوتوێ كران.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌وامیى گفتوگۆى نێوانیان بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانیان، دوایین پێشهاته‌كاته‌كانى ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كانى زیانبهركهوتووى شه‌ڕى داعش و چۆنیه‌تیى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان و، چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هه‌ردوولا، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون.
نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانى یۆنان كۆ بووه‌وه
له دوایین كۆبوونه‌وه‌یدا له كۆڕبه‌ندی ئابووریى جیهان له داڤۆس، پێشنیوه‌ڕۆى هه‌ینى، ٢٤ی١ی٢٠٢٠، به‌ڕێز، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز، كریاكۆس میتسۆتاكیس، سه‌رۆكوه‌زیرانى یۆنان كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و ناوچه‌كه، گرینگیى هێوركردنه‌وه‌ى ئاڵۆزییه‌كان و پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ یۆنان و ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى یۆنانى له هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى دیكه، خرانه به‌ر باس.
خێڵان بەختیار