هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان: هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان: هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان: هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

2020-01-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


به‌غدا-KDP.info- سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان ده‌ڵێ، عێراق به‌ خراپترین دۆخدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر خراپ بێت، وێران ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ چاو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و سوود له‌ ئه‌زموونی هه‌رێم وه‌ربگرن، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ‌ڕووی پێشكه‌وتن له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌.

د. عه‌لا مه‌كی، سه‌ركرده‌ی سوننه‌كان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خۆپێشاندانه‌كان مافی خۆیانە و داوای مافی خۆیان دەكه‌ن له‌ هه‌موو وڵاتان و هۆكاری خۆپێشاندانه‌كانی عێراقیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ و خزمه‌تگوزاری نییه‌ و بیكاری زۆره‌ و گه‌نجان بێكارن، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ هاووڵاتیان خۆپێشاندان بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر داواكاریشیان جێبه‌جێ بكرێت هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ قوربانییان زۆر داوه‌ و شه‌هید و بریندار كراون، له‌ كاتێكدا داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن."

د. عه‌لا مه‌كی گوتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ خۆپێشاندان بێت، پێویسته‌ كه‌سێك دیاری بكرێت بۆ سه‌رۆكوه‌زیران كه‌ ڕاستگۆ بێت و جێی ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وان بێت و بچێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان قسه‌ بكات و قه‌ناعه‌تیان پێ بكات و ئەكید بزانن داواكارییان جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وكات كۆتایی پێ دێنن، ئه‌گه‌رنا به‌رده‌وام ده‌بێت."

مه‌كی باسی له‌وه‌ش كرد: "عێراق به ‌خراپترین دۆخدا تێپهڕ ده‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت، عێراق وێران ده‌بێت و لایه‌نه‌كانیش فشاری زۆریان له‌سه‌ره‌ و ده‌یانه‌وێت كه‌سێك بێت كه‌ نزیك بێت له‌ ئه‌وان، ئه‌گه‌رنا ڕازی نابن و ده‌یانه‌وێت كه‌سێك بێت وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش پێی ڕازی بن، ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت كۆتایی بە خۆپێشاندان بێنێت."

گوتیشی: "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عێراق، سه‌قامگیر و ئارامه‌ و خه‌ڵك ژیانی خۆیان به‌ڕێ ده‌كه‌ن و كێشه‌یان نییه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا كێشه‌ی داراییان هه‌بوو، تێیان په‌ڕاند و ئێستا دۆخه‌كه‌ زۆر باشه‌ و هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كه‌ بۆ عێراق و سووریا و لیبیا و ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌مووی، چونكه‌ حوكمداری له‌ هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌رده‌وامیش له ‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت، بۆیه‌ گرنگه‌ وڵاتانی دیكه‌ و عێراقیش چاو له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن."

بڵند ئیبراهیم