ئەحمەد قادر: كێشەی كارەبای چۆمان چارە دەكرێت
چۆمان-KDP.info- سەرەڕای نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر، لە سنووری قەزای چۆمان كێشەی كارەبا دروست بووە، وەك قایمقامی قەزاكەش دەڵێ، لە ھەوڵی چارەكردنی كێشەی كارەبای ناوچەكەدان.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كێشەی كارەبای سنووری چۆمان لەوەدایە ھێڵێكی ٣٣ كەیڤیی كارەبای نیشتیمانی دەگەیەنێتە سنوورەكە و سێ وێستگە لە خۆ دەگرێت، ئەمەش وای كردووە بارگرانی بۆ سەر ھێڵی گواستنەوەی كارەبا دروست ببێت و ھاووڵاتیان وەك پێویست كارەبای نیشتیمانییان پێ نەگات".
قایمقامی چۆمان دەشڵێت: "لە ئێستادا كێشەی كەمیی ڤۆڵتییە ھەیە و ھەوڵمان داوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار رێژەی كارەبا بۆ سنوورەكە بەرز بكرێتەوە تا كێشەكە نەمێنێت".
ئەحمەد قادر جەختیشی كردەوە: "بڕیار دراوە ھێڵێكی ١٣٢ كەیڤی بۆ ناوچەی چۆمان دابین بكرێت، بەڵام ساڵانی رابردوو بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راگیرابوو، لەبەر ئەوە ئێستا كار بۆ ئەوە دەكەین حكوومەت دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ھێڵی ١٣٢ كەیڤیی چۆمان بكاتەوە، چونكە ناوچەیەكی دوورەدەستە و بەردەوام ئاستەنگ بۆ ھێڵەكانی كارەبا دروست دەبێت".
قائید میرۆ