پەیامی سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی جووەکان
ههولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی جووەکان، کە ناسراوە بە هۆڵۆکۆست، دهڵێ، هۆڵۆکۆست ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە مرۆڤایەتی کاری زۆریکردووە بۆ وەستاندنی جینۆساید و بیرکردنەوە لە قوربانییەکانی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له ساڵیادی کۆمەڵکوژی جووەکان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر نووسیویەتی: "رۆژی بیرەوەری هۆڵۆکۆست، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤایەتی کاری زۆریکردووە بۆ وەستاندنی جینۆساید و بیرکردنەوە لە قوربانییەکانی. بەداخەوە رێگایەکی درێژترمان لەپێشە تاوەکو خەڵکی بە ئامانجکراو لە سەرتاسەری جیهان لە جینۆساید بپارێزرێن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویشییەتی، کە دەبێ بڵێین نابێت هەرگیز ئەمە دووبارە ببێتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ئەوەش بە سیاسەت و میکانیزمی گونجاو دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە٢٧ی١ یادی کۆمەڵکوژی جووەکانە، کە لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە، لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ نزیکەی ٦ ملیۆن جوویان کۆمەڵکوژ کرد.