خانزاد مام وسوو: سەرۆک بارزانی لەگەڵ ھەبوونی دەزگای چاودێرییە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان
هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و پێکھاتەکان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، سەرۆک بارزانی فەرمووی لەگەڵ ھەبوونی دەزگای چاودێرین بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
خانزاد مام وسوو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ئەوەی بە خزمەت سەرۆک بارزانی بگەین وەک فراکسیۆنەکانی پارتی و پێکھاتەکان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ڕاپۆرتێک کارەکانمان ڕادەستی سەرۆکی ئەنجومەنەکان کردبوو، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنەکان باسیان لە ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان."
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەبێ جیاوازی کارمان کردووە و لەگەڵ ھەموو فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەنجومەن، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیان، سەرۆک بارزانی زۆر خۆشحاڵ بوو بەو یەکگرتنەی ھەمانە، بەتایبەتی داوای لە ئەندامانی پێکھاتەکان کرد، پێکەوە بەرگری لە مافی ھاووڵاتیان بکەن."
خانزاد مام وسوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەزگاکانی چاودێری چەندی زۆر بن، بە پێویستی دەزانین، بەڵام نەبنە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی یەکتر و ھەر دەزگایە و کاری خۆی بکات."
قائید میرۆ