راگەیاندنی پارتی، رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی کۆچی دوایی تەڵعەت سامان بەڕێوەدەبات
ھەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی و خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سبەینێ رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان لە هۆڵی راگەیاندن بەڕێوەدەبات، بەرپرسی خانەکەش هونەرمەندی کۆچکردوو بە بەشێک لە هونەری بەرگری ناودەبات، بەو پێیەی رۆژانێک رژێمی پێشووی بەعس هەوڵی شێواندنی کەلتووری کوردی داوە و ئەو لە رێی شانۆییەکانییەوە شکستی بەو هەوڵانە داوە.
سبەینێ دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی و خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان لە هۆڵی راگەیاندن بەڕێوەدەبات، هاوکات بەرهەمە شانۆییەکانی کۆچکردووش لە دوو بەرگی کتێبدا دەناسێنێت، کاروان عەبدوڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەو مەراسیمە زیندوو کردنەوەی چەند ساتێکە لە ژیانی ئەو هونەرمەندە گەورە، کە شایانی ئەوەیە زۆر لەوەش زیاتری بۆ بکرێت، بەو پێیەی کاتێ باس لە شانۆی کوردی دەکرێت، ناتواندرێت بە بێ ناوهێنانی مامۆستا تەڵعەت سامان و کارەکانی لە سەری بدوێین.
بەرپرسی خانەی موکریانی لە پێناسەی ئەو هونەرمەند و نووسەرە کۆچکردووەی کورددا، بە بەشێک لە هونەری بەرگری دادەنێت، چونکە لە کاتێکدا هاتۆتە نێو بواری شانۆ، رژێمی بەعس هەوڵی تەعریبکردن و شێواندنی کەلتووری کوردی داوه و، ئەویش بە شانۆکانی بەرگری لە کەلتووری کوردی کردووە و ئەو هەوڵانەی نەیارانی کوردی شکست پێهێناوە، رۆڵی شانۆی نیشاندان، کە چۆن شانۆ رۆڵی گرینگی لەو کاتانەدا هەیە، کە نەتەوە پێیدا تێدەپەڕێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە، چەندە باسی مەزنی ئەو هونەرمەندە بکرێ هێشتا کەمە.
کاروان عەبدوڵا باسی لە رێورەسمەکەش کرد، کە سبەینێ چوار شەممە کاتژمێر ١٠:٣٠ لە هۆڵی راگەیاندنی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بەڕێوە دەچێت، خەڵکێکی زۆری هونەرمەند و رۆشنبیر داوەتکراون، هاوکات کراوەشە بۆ ئەوانەی کە داوەت نامەیان پێ نەگەیشتووە، هاوکات ژیاننامەی هونەرمەندی کۆچکردووە بە فیلمێکی دیکۆمێنتاری پێشکەش دەکرێت و، بەشێکیش لە نووسینەکانی تەڵعەت سامان لەسەر دراما و شانۆکانیان کۆکردوونەتەوە و لە دوو بەرگی کێتبدا چاپیان کردوون، کە سبەینێ دەیناسێنن و پێشکەشی ئامادەبوانیشی دەکەن.
خێڵان بەختیار