هەواڵی کوردستان ئێستا

قەیسەری کۆنی کفری بەهۆی بارانبارینەوە دادەڕوخێت

قەیسەری کۆنی کفری بەهۆی بارانبارینەوە دادەڕوخێت
قەیسەری کۆنی کفری بەهۆی بارانبارینەوە دادەڕوخێت

2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان - نیگار عومەر 

بەهۆی باران بارینی دو ڕۆژی ڕابردوەوە قەیسەری کۆنی کفری كە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوسەد ساڵ پیش ئیستا و تەنها بەشێكی مابو ئەویش داڕوخا.

عوبید محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی شوێنەواری کفری، بەخەندان-ی ڕاگەیاند،" بەهۆی باران بارینی دو ڕۆژی ڕابردو لەناوچەی گەرمیان قەیسەری کونی کفری کە ماوەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوسەد ساڵ پێش ئیستا کە تەنها یەک بەشی مابو ئەو بەشەش زۆری داڕوخا، ئەم قەیسەریە کە لە هەمو عێراق چوار قەیسەری دروست کراوە یەکیان لەکفری ئەویتر لە کەرکوکە و دوانەکەی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست کراون وەک شوێنکی مێژویی لەکۆندا  بۆ بازرگانیکردن بەکارهاتون"

ئەوەشی ڕونکردەوە،" قەیسەری کفری لەپێش قەیرانی داراییەوە بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەڕۆشتە بواری جیبەجێکردنەوە، بەداخەوە ئەم شوێنە مێژویە کۆنە ئێستا بەبەرچاومانەوە دەڕوخێت، تەنها چەن دوکانێکی ماوە کە هەموی درزی بردوە و مەترسی لەسەر هەیە ئەوانیش بەتەواوەتی بڕوخێن"

ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەم قەیسەریە لە سێ دەروازە پێکهاتبو بەهۆی کەمتەرخەمی و گرنگی پێ نەدانی لەلایەن حکومەتەوە دوبەشی دیکەی پێشوتر ڕوخابو کە پێکهاتبو لە دەروازەی سلێمانی - بەغداد - ڕۆژئاوا، تەنها دەروازەی بەغدا مابو کە تا چەند ڕۆژ پێش ئێستا خەڵکی کفری کاسبیان تێدا ئەکرد ئەویش داڕوخا، لە ئیستادا چەند دوکانێکی کەمی ماوە"

قەیسەری کۆنی کفری مێژوەکەی دەگەڕێوە بۆ سەدەی نۆزدە کەلەلایەن ئەندازیارێکی خەڵکی کەرکوکەوە دروستکراوە، کە پێکهاتبو لە کۆمەڵێک گومەزەی جوان و ڕازاوە لەگەڵ کۆمەڵێک دوکان و ژوری تایبەت و چەند تاقێکی کەوانەیی کە بەشێوەیەکی جوان دروست کرابو یەکێک بو لە مێژوی ڕەسەنی شاری کفری، بەهۆی گرنگی نەدان بەنۆژەنکردنەوەی ئەو مێژوە بەرەو نەمان دەڕوات.