سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەبەرهێنەرانی کوردستان
هەولێر-KDP.info- رۆژی سیشەممە ٢٠٢٠/١/٢٨ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو ، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کودستان کرا.
سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کەحکومەتی ھەرێم پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین. گوتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا. داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە لە دەرفەتەکانی کارکردندا زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.