هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران: رێککەوتنی سەدە بۆ شۆڕشێکی نوێ دەگۆڕێت

ئێران: رێککەوتنی سەدە بۆ شۆڕشێکی نوێ دەگۆڕێت
ئێران: رێککەوتنی سەدە بۆ شۆڕشێکی نوێ دەگۆڕێت

2020-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، رێککەوتنی سەدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی "شۆڕشێکی نوێ" لە دژی ئیسرائیل و رێککەوتنەکەشی بە "سزادانی گەلی فەلەستین" ناوبرد.

حسامەدین ئاشنا، راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەو رێککەوتنە لە نێوان هێزەکانی زایۆنی و ئەمریکادایە و هیچ رۆڵێک بە حکومەت و خەڵکی فەلەستین نەدراوە".

پرۆژەیەک نیە بۆ ئاشتی بەڵکو رێکارێکە بۆ سزدان و زۆرەملێکردن لە هاوڵاتیانی فەلەستین

ئەوەشی خستوەتەڕو، "رێککەوتنەکە پرۆژەیەک نیە بۆ ئاشتی بەڵکو رێکارێکە بۆ سزدان و زۆرەملێکردن لە هاوڵاتیانی فەلەستین".

راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران رونیکردوەتەوە، "ئەمریکا تاک لایەنە بڕیارەکانی پەیوەست بە ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ دۆسیەی نێوان دو دەوڵەت پێشێلکردوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی شۆڕشێکی نوێ بن".

ئێوارەی ئەمڕۆ 28ی کانونی دوەم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەواشنتنی پایتەختی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەی نەخشەرێگای ئیدارەکەی ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەکە گرنگی زۆری بەبوژاندنەوەی باری ئابوری فەلەستین و ناوچەکە داوە، بەوپێیەش ئاستی هەژاری فەلەستینییەکان لەئاستێکی مەترسیداردایە، بۆیە پێویستە ژیانی پێکەوەیی هەڵبژێرن".

بەقەبارەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەفەلەستین دەکرێت
 
ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر فەلەستین ژیانی ئاشتیانە هەڵبژێرێت بەقەبارەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدادەکرێت و یەک ملیۆن دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. 

ترەمپ وتیشی، "ئەوە بڕیارێکی قورس بوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەیەکی سەدان ساڵە، بەڵام ئەو بۆ ئەوە هەڵنەبژێردراوە کە خۆی لەبڕیارە قورسەکان بدزێتەوە".