دەزگای رۆشنیری و راگەیاندن رێوڕەسمێكی بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی (تەڵعەت سامان) ساز كرد
ھەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی و خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، رێوڕەسمێكی تایبەت بە ساڵیادی كۆچی دوایی نووسەر و هونەرمەند (تەڵعەت سامان)ـی لە هۆڵی راگەیاندن بەڕێوە برد، تێیدا بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن، گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند، كە (تەڵعەت سامان) هەموو ژیانی خۆی لە پێناو هونەر و شانۆ و نووسین بۆ پاراستنی كەلتووری كوردی بەسەر بردووە.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەحموود محەمەد، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و، ژمارەیەك لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی هەرێمی كوردستان، مەراسیمی ساڵیادی كۆچی دوایی نووسەر و هونەرمەند (تەڵعەت سامان) لە هۆڵی راگەیاندن بەڕێوە چوو، سەرەتا (كاروان عەبدوڵڵا) بەرپرسی خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، گوتارێكی لەسەر ژیانی (تەڵعەت سامان) و هەوڵەكانیان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمەكە و كۆكردنەوەی بەشێكی زۆر لە بەرهەمهكانی كۆچكردوو پێشكەش كرد، تێیدا هونەرمەند نووسەری بە بەشێك لە هونەری بەرگری ناو برد، بەو پێیەی لە كاتێكدا هاتۆتە نێو بواری شانۆ، رژێمی ئەوكاتی عێراق هەوڵی تەعریبكردن و شێواندنی كەلتووری كوردیی داوە و، ئەویش بە شانۆ و بەرهەمەكانی بەرگری لە كەلتووری كوردی كردووە و ئەو هەوڵانەی نەیارانی كوردی شكست پێهێناوە.
دواتر مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتاری خۆی لە مەراسیمەكەدا پێشكەش كرد و رایگەیاند، كە (تەڵعەت سامان) هونەرمەندێك بووە، تەنیا حەزی بۆ بوارەكە نەبووە، بەڵكو هەموو توانای خۆی لەو رێیەوە خستۆتە گەڕ لە پێناو نەتەوە و نیشتیمانەكەیدا، كە لە بەرهەمەكانیدا دڵسۆزیی بۆ كورد و كوردستان رەنگی داوەتەوە.
مەحموود محەمەد جەختیشی لەوە كردەوە، كە هونەرمەندی كۆچكردوو هەمیشە گوتوویەتی پاڵپشتی بكەن، تا بتوانێت زیاتر لە رێی هونەرەوە خزمەتی گەلی كوردستان بكات، جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەرگیز (تەڵعەت سامان) ئامانجی لە كارەكانیدا دەستكەوتی ماددی نەبووە، بەڵكو هەمیشە لە خەمی پاراستن و گەشەپێدانی كەلتووری كورد بووە، چ لە رێی شانۆكانی، یا نووسینەكانییەوە.
بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، لە میانەی گوتارەكەیدا باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد، كە تێیدا ئاماژەی بەوەدا لە روانگەی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، هەرێمی كوردستان وەك واقعبین تەماشا دەكرێت، ئەویش بە هۆی سیاسەتی هاوسەنگی كە سەركردایەتیی كورد پیادەی دەكات، جەختی لەوەش كردەوە، لە نێو ئەو هەموو تەمومژەی عێراق و ناوچەكەی گرتۆتەوە، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان ئومێد هەیە، چونكە وڵاتانی جیهان بە چاوێكی دیكە تەماشای هەرێمی كوردستان دەكەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.
هۆكاری باسكردنی بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندی و تێڕوانینی وڵاتانی دونیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتییەوە، كە وابەستەی باسكردنی ژیان و كارەكانی (تەڵعەت سامان)ـی كرد، وەك خۆی گوتی: "ناكرێ باسی ژیاننامەی ئەو هونەرمەندە گەورە بكرێت و باسی سیاسەت، نەكرێت، چونكە خودی مامۆستا (تەڵعەت سامان)، سیاسەت و خەمخۆری بۆ نیشتیمان و نەتەوە لە سەرجەم بەرهەمەكانیدا رەنگی داوەتەوە".
لە كۆتایی گوتارەكەیشیدا مەحموود محەمەد ئومێدی خواست جێگای كۆچكردوو بەهەشت بێت، هاوكات هەڵوێست و بەرهەمەكانیشی لە نێو كورددا زیندوو بمێننەوە.
خێڵان بەختیار