وەزارەتی تەندروستی: ھیچ مەترسییەک لە ھاتنی کەلوپەلی چینی نییە
ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ھیچ مەترسییەک لە ھاتنی کەلوپەلی چینی نییە و ناگوازرێتەوە، ھاوکات دڵنیاییش دەداتە ھاووڵاتیانی کوردستان کە ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی پاراستنی، بەتایبەت لەو کەلوپەلانەی کە لە وڵاتی چینەوە دەھێنرینە کوردستان، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنھا لە جەستەی مرۆڤدا بڵاو دەبێتەوە و ناتوانرێ بۆ ماوەیەک لە جەستەی گیانەوەر و کەلوپەلدا بڵاو ببێتەوە، بە ھیچ شێوەیەکیش ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتی چینەوە دەھێنرێنە کوردستان مەترسیدار نین."
دەربارەی ئەو بازرگانانەش کە لە چینەوە دێن، یاخود سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، د. محەمەد قادر ڕایگەیاند: "ئێستا لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکانی کوردستان پشکنینیان بۆ دەکرێت و ھەر کەسێکیش گومانی لێ بکرێت جیا دەکرێتەوە و ڕێکاری تری بۆ دەگیرێتەبەر."
بە گوێرەی دوایین ئاماری هاوبەشی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی چین، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتووەتە شەشهەزار کەس و تاوەکو ئێستاش 132 تووشبوو گیانیان لەدەست داوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: 'وەک ھەرێمی کوردستان ڕێگریمان لە ھیچ کەسێک نەکردووە سەردانی چین بکات، بەڵام خودی وڵاتی چین لەوبارەیەوە ڕێگری دەکات بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە بڵاو نەبێتەوە و ڕێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر، ھاوکات پێشنیازمان بۆ ئەو بازرگان و ھاووڵاتیانەش سەردانی چین دەکەن، خۆیان بەدوور بگرن و سەردانی چین نەکەن."
ناوبراو دڵنیاییی سەدلەسەدیش دەداتە ھاووڵاتیانی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، کە ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، ھەروەھا مەترسیی گرتنەوەی ئەو ڤایرۆسەش بۆ ئەو کەسانە زیاترە کە پێشووتر نەخۆشییان لەگەڵ بووە، یاخود بە تەمەن بوونە، تا ئەم دەقەیەش چارەسەرێکی سەدلەسەد بۆ ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە نەکراوە."
قادر جەختیش دەکاتەوە، ھیچ حاڵەتێکی ئەم ڤایرۆسە لە کوردستان تۆمار نەکراوە، لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستیش تەنھا لە وڵاتی ئیمارات حاڵەتێکی تووشبوو ھەبووە.
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، کە پێک دێن لە سەرئێشە، ئاولەلووتهاتن، کۆکە، هەناسە تەنگی، ئازاری جەستە و لەرز و تا، هەندێك جار هۆکار دەبێت بۆ هەوکردنی سییەکان و لوولەکانی هەوا و ڕەنگە تووشبووەکە بکوژێت.
ڤایرۆسەکە یەکەمجار لە ساڵی 1965 دۆزراوەتەوە، ساڵی 2002 لە چین بڵاو بووەوە و لە مرۆڤدا دەستنیشان کرا، دواتر گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، هەشت هەزار کەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 کەسی کوشت.
ڤایرۆسەکە جارێكی دیکە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدا، لە سعوودیە و ئوردن بڵاو بووەوە و هەمان ساڵ لە 25 وڵات تۆمار کرا، نزیکەی 800 کەسی کوشت.
ھەڵکەوت محەمەد