هەواڵی کوردستان ئێستا

خەزعەلی خۆپێشاندەرانی عێراق بە بەعسیبوون تۆمەتبار دەكات

خەزعەلی خۆپێشاندەرانی عێراق بە بەعسیبوون تۆمەتبار دەكات
خەزعەلی خۆپێشاندەرانی عێراق بە بەعسیبوون تۆمەتبار دەكات

2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ یەكشەممە قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەقی شیعی خۆپێشاندەرانی عێراق بە بەعسیبوون تۆمەتبار كرد و راشیگەیاند هەریەك لە وڵاتانی ئیمارات و سعوودیە بە سزای خۆیان دەگەن لە بەرانبەر تێكدانی دۆخی عێراق.


فەرماندەی میلیشیا شیعەكەی عێراق ئەمڕۆ بەشداری لە سمینارێكی قوتابیان عێراق كردووە و تیاید وتارێكی خوێندووەتەوە، لەوێ بە توندی رەخنەی لە هوتافەكان و دروشمەكانی خۆپێشاندەرانی عێراق گرتووە و ئاماژەی داوە ئەوانەی مان دەگرن و دەوامی قوتابخانەكان تێكدەدەن بەعسیین و دروشمی نیشتمانمان نەبێ دەوامیشمان نابێ هی بەعسە.


خەزعەلی كە هەفتەی رابردوو لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە ناوی خرایە لیستی سزاكانەوە بە هۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و كوشتنی خۆپێشاندەرانی عێراق، لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا گوتوویەتی "دەبێ ئیمارات و سعوودیە باجێكی گەورە بدەن، چونكە دەستیان چووەتە خوێنی هاووڵاتیانی عێراق لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا".


فەرماندەی میلیشیا چەكداریەكە رەخنەشی لە سیستەمی پەرلەمانیی عێراق گرت بەوەی "ئەو سیستەمەی هەمانە كە سیستەمی پەرلەمانیە، ناتوانێ چاكسازیی راستینە بەرپا بكات". ئەمەش لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە چەند میلیشیایەكی شیعی بە نیازی داواكردنی گەڕانەوەی سیستەمی سەرۆكایەتیین بۆ عێراق، هاوشێوەی ئەوەی ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێنی لەسێدارەدراو.


خەزعەلی هەروەها رەخنەی لە رای گشتیی عێراقی گرتووە بەوەی بە هیچ كەسێك رازی نابن ببێتە سەرۆك وەزیران و شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوە بگرێتەوە، لەمبارەوە گوتوویەتی "پرسیارەكە ئەوەیە كە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیرانی جێگرەوە؟ ئەگەر بمانەوێ رەزامەندی هەموو خەڵك بەدەست بێنین، ئەوە مەحاڵە، چونكە تا ئێستە رای گشتی ئەوەیە كە هەموو شتێك رەت دەكرێتەوە".


جێی باسە لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە خۆپێشاندانی بەرفرەوان شارەكانی عێراقی گرتووەتەوە و نزیكەی 500 كەس لەو خۆپێشاندانانەدا كوژراون و زۆر جار دەستی تۆمەت بۆ میلیشیاكان درێژ دەكرێت.