شارەزایەکی سیاسی: ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم بۆ چارەکردنی کێشەی سووریا گرینگە
ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info - شارەزایەکی سیاسەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، پرسی سەرەکیی هاتنی میخائیل بۆگدانۆف بۆ هەرێمی کوردستانە چارەکردنی کێشەی سووریایە، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیى لە بەڕێز میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا و، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و باڵیۆزى ڕووسیا لە بەغدا و کونسووڵى گشتیى ڕووسیا لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد، کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى پێک هاتبوون.
د. ئەکرەم ئۆنەن، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "وڵاتان، بەتایبەت ڕووسیا و ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەن کورد یەکگرتوو بێت لە سووریا، سەرۆکی هەرێمیش دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، بۆیە فۆکسی جیهان کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان."
ئۆنەن ئاماژەی دا، ڕووسیا دەیەوێ لایەنەکانی کورد لەژێر یەک چەتردا بچنە گفتوگۆ بۆ ئەوەی قەوارەی کورد لە سووریا پاراستوو بێت.
گوتیشی: "لایەنەکانی کورد لە سووریا دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، ئەویش ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن، بۆیەش سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، دەتوانێت لایەنەکانی کورد نزیکی یەکتر بکات."
کاروان بـــاعەدری