هەواڵی کوردستان ئێستا

لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆ KDP: باس له‌ گواستنه‌وه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق بۆ هەرێم ده‌كات

لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆ KDP: باس له‌ گواستنه‌وه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق بۆ هەرێم ده‌كات
لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆ KDP: باس له‌ گواستنه‌وه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق بۆ هەرێم ده‌كات

2020-01-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ھەولێر-KDP.info- بە هۆی ناسەقامگیری و خراپیی بارودۆخی ئەمنیی شارەكانی عێراقەوە، یەكێتیی تۆپی پێی عێراقی بڕیاری داوە خولی یانە نایابەكانی ئەمساڵی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، سەرۆكی لقی تۆپی پێی كەركووكیش دەڵێ، دەبێ دەزگا ئەمنییەكانی عێراق سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بن، كە میوانداریی ئەو خولە بكەن، بەو پێیەی كە دێنە ئێرە لە كەشوهەوایەكی ئازاد و ئارامدا خزمەت دەكرێن و یارییەكان بێ بوونی هیچ مەترسییەك لە ژێر سایەی ئەو ئارامییەی هەرێمی كوردستان هەیەتی، بەڕێوە دەبرێن.

لەبەر ئاڵۆزیی بارودۆخی عێراق، یەكێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بڕیاری داوە بەڕێوەچوونی خولی یانە نایابەكانی، لە نێوەڕاست و باشوورەوە بگوازێتەوە هەرێمی كوردستان، نەوزاد قادر، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندیی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و سەرۆكی لقی یەكێتیی تۆپی پێی كەركووك، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە هۆی خراپیی بارودۆخی عێراقەوە نەتواندراوە خولی یانە نایابەكانی عێراق بەڕێوە بچێت، ئاشكرایشی دەكات، كە چەند مانگیش لە وادەی بەڕێوەچوونی یاسایی خۆی تێپەڕیوە، بۆیە لە دواكۆبوونەوەی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق و بە ئامادەبوونی سەرۆك و نوێنەرانی خولی نایابی عێراقی، ئەو بڕیارە دراوە.

ناوبراو هۆكاری ئەو بڕیارەش بۆ ئەو ئارامی و بەرقەرابوونەی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی دەگێڕێتەوە، كە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان خوڵقاندوویانە، نایشیشارێتەوە، كە خەڵكانێكیش هەن دژ بەو بڕیارەی یەكێتیی تۆپی پێن، وەك بەرپرسانی ئەمنیی شاری بەغدا و شارەكانی دیكە و مەركەزی تۆپی پێی عێراق هاتوونەتە سەر هێڵ دەشڵێن كە ئەوان دەتوانن ئەمنییەتی پێویستیان بۆ دابین بكەن، وەك نەوزاد قادر دووپاتی كردەوە، گومانی تێدا نییە، دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی ئەم وڵاتە، توانای بەرقەراركردنی ئەمنییەتی شارەكانیان نییە و رۆژانەش پشێوییەكان دەبیندرێن.

ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندیی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات، كە دەبێ دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بن، كە میوانداریی ئەو خولە بكەن، بەو پێیەی كە دێنە ئێرە لە كەشوهەوایەكی ئازاد و ئارامدا خزمەت دەكرێن و یارییەكان بێ بوونی هیچ مەترسییەك لە ژێر سایەی ئەو ئارامییەی هەرێمی كوردستان هەیەتی، بەڕێوە دەبرێن.

نەوزاد قادر، ئامادەیی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی تۆپی پێی هەرێمیشی بۆ هاتنی خولەكە دەربڕی، كە لە توانایاندایە چ لە رووی كوالێتی یاریگاكان، چ لە رووی بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولەكە لە هەرێم هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكرێت، ئەوەیشی نەشاردەوە، كە جارێ بە هۆی ئەو مشتومڕانەی لەبارەی ئەو بڕیارەوە دروست بوون، یەكلا نەكراوەتەوە و روون نییە چی دەبێت.

 

خێڵان بەختیار