ئابووریناسان: هەنگاوەكانی مەسروور بارزانی وڵات لە قەیران دوور دەخاتەوە
هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، هەنگاوەكانی بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەی دارایی وڵات دەست پێكردووە، ئابووریناسانیش دەڵێن، هەنگاوەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فراوانكردنی سەرچاوە داراییەكانی كوردستان، دوورمان دەخاتەوە لەوەی وڵات تووشی قەیرانی دارایی ببێتەوە.
سەركۆ یوونس، ئابووریناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وڵات كاتێك یەك سەرچاوەی دارایی هەبێت بۆ بودجەی گشتی، هەمیشە لە بەردەم مەترسیی قەیرانی داراییدا دەبێت، بۆیە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و پشتنەبەستن تەنها بە داهاتی نەوت، پەرەپێدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، وڵات لە مەترسیی دروستبوونی قەیرانی دارایی دوور دەخاتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ڕەگەزەكانی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و بازرگانی و سەرجەم دەرامەتە سرووشتییەكان هەن، تەنها پێویستییان بە پاڵپشتی هەیە، هەروەها كوردستان هەڵكەوتەی جوگرافی كە لە نێوان وڵاتانی ئێران و عێراق و توركیا هەڵكەوتووە، زۆر گونجاوە و دەتوانین گرنگی بە بازرگانی بدەین و بەرهەمی ناوخۆ لە ڕێی ئەو وڵاتانەوە هەناردە بكەین".
هاوكات ناسر ئیسماعیل، شارەزایی ئابووری، لای خۆیەوە دەڵێ: "هەنگاوەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ چاكسازی لە تەواوی كەرتەكانی وڵات و فراوانكردنی سەرچاوەكانی دارایی و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی وڵات و فراوانكردنی سەرچاوەكانی دارایی لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، سیاسەتێكی ئابووریی گرنگە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات".
بۆیە دەتوانین وەك شارەزای ئابووری بڵێین، هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیران بۆ چاكسازی، جێگەی ئومێدە بۆ هەرێمەكەمان".
هەر لەو بارەیەوە، هەیاد ڕەشید، ئابووریناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكرتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی چاكسازی و هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیران بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دارایی، لە ئایندەدا گرنگییەكەیان دەردەكەوێت.
ناوبراو گوتیشی: "بڕیاردان لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزی حكوومەت لای سەرمایەداران و ڕێكخستنەوەی داهاتی گومرگ و پەرەپێدانی دەروازەكانی بازرگانی و پشتیوانیكردنی وەبەرهێنەران و هاندانیان بۆ ئەوەی لەپاڵ حكوومەت كاربكەن بۆ بووژانەوەی ئابووری و پڕۆژەكانیان فراوان بكەن، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی ناوخۆ زیاد بكات و هەروەها هەلی كار بۆ بێكاران دەڕەخسێنێت و ژێرخانی پڕۆژەكانیش دەبووژێتەوە".
عەزیز ڕەسووڵ