هەواڵی کوردستان ئێستا

عێراق..هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەستی پێکرد

عێراق..هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەستی پێکرد
عێراق..هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەستی پێکرد

2020-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

 

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕالی لە شارەکەدا، دەستی پێکرد.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەستی پێکرد".

خەفاجی گوتی "بەگوێرەی رێککەوتنەکە تەنها هێزەکانی فیدڕالی لەناو قەزاکەدا دەبن و رێگە بەهیچ هێزێکی دیکە لە پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە نادرێت لەناو شارەکەدا بن، و تەنها ئاڵای عێراق لە شنگال هەڵدەکرێت".

خەفاجی روونیکردەوە، دۆسیەی ئەمنی لەناو قەزاکە بە فیرقەی شەش لە هێزەکانی پۆلیسی فیدڕالی سپێردراوە.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆسیەی ئەمنی لەناو قەزاکە لەدەست هێزەکانی فیدڕالی دەبێت جا پۆلیس بێت یان ئاسایشی نیشتمانیی و دۆسیەی ئەمنی دەرەوەی شارەکەش لەدەست سوپا دەبێت.

تەحسین خەفاجی هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی جێبەجێکردنی بەندەکانی دیکەی رێککەوتنەکە ئاشکرا نەکرد.

تاوەکو ئێسا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لایەنی دووەمی رێککەوتنەکەیە هیچ راگەیەنراوێکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

- رێكکەوتنی شنگال

رۆژی 9ی تشرینی یەکەم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

1- تەوەری کارگێڕی:

- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.

- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لالەیان ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.

2- تەوەری ئەمنی:

- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

- بەھێزکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی شارۆچکەکە.

- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

3- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.

4- بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.

دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.

دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی 2014 بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.

بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە پاشکۆیەک دارێژراوە کە وردەکاریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەخۆدەگرێت کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:


1- ئەرک:

پێداچوونەوە بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکە لە شارۆچکەی شنگال

لایەنی جێبەجێکار:

لیژنەی ھاوبەش

پارێزگاری نەینەوا

قایمقام

تێبینی:

بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان

2- ئەرک:

بەرپرسیارێتیی ئاسایش لە ناو شارۆچکەی شنگال

لایەنی جێبەجێکار:

بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی

دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی

بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان

3- ئەرک:

دوورخستنەوەی ھەموو رێکخراوە چەکداری و گرووپە نایاساییەکان بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال

لایەنی جێبەجێکار:

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان

دەستەی حەشدی شەعبی

4- دامەزراندنی دوو هەزار و500 کەس لە چوارچێوەی ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لە شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

لایەنی جێبەجێکار:

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی فیدڕالی

تێبینی:

هەزار کەس لە خەڵکی شنگال و 1500 کەس لەو ئاوارانەی شارۆچکەکە کە لە کەمپەکاندان

5- پێداچوونەوەی ئەمنی بە کاندیدانی دامەزراندنی بڕگەی 4

لایەنی جێبەجێکار:

لیژنەی ھاوبەش

تێبینی:

نابێت ئەندامانی پەکەکە و رێکخراوەکانی بگرێتەوە

6- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و نابێت ئەو رێکخراوە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

لایەنی جێبەجێکار:

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان

7- ئەرک:

پێکھێنانی لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوەی لە تەوەرەکانی کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە

لایەنی جێبەجێکار:

لیژنەی ھاوبەش

تێبینی:

نوێنەرانی دەزگاکانی ئەمنی لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

8- پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا

لایەنی جێبەجێکار:

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان