سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی
هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، نەك تەنها مامۆستایانی گرێبەست، بەڵكوو حكوومەت بڕیاری داوە سەرجەم فەرمانبەران بكرێنە هەمیشەیی. كارمەندێكی گرێبەستیش لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ: "لە ئێستادا بڕیاری بەهەمیشەییبوونمان دەرچووە و سەرقاڵی راییكردنی مامەڵەكانی خۆمانین".
محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەنگاوی یەكەم بڕیاری دا كە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی و ئێمەش لە پەرلەمان پڕۆژەیەكمان ئامادە كرد و خوێندنەوەی یەكەمیشمان بۆ كردووە، بۆ ئەوەی ئەوانەی دیكەش بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام هێشتا ئێمە پڕۆژەیاساكەمان پەسەند نەكردووە، حكوومەتیش بڕیاری داوە كە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەستن لە هەرێمی كوردستان لە هەموو دامودەزگاكان بكرێنە هەمیشەیی".
ئیلخانی باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا رێنماییەكان دەرچوون و سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی.
لای خۆشیەوە، كارمەندێكی شارەوانی، كە شەش ساڵە گرێبەستە بە ناوی محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەڵێ بڕیار دراوە كە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی و، داواش لەئێمە كراوە كە ئەوانەی گرێبەستن دەست بە مامەڵەكردن و پشكنینی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی لە گرێبەستەوە بكرێنە هەمیشەیی، كە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە و سوپاسی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئەو بڕیارە گرنگەی داوە، چونكە دەمێكە چاوەڕوانی ئەوە بووین ببینە هەمیشەیی، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پرسە دواكەوت و ئێستاش لە گرێبەستەوە دەبینە هەمیشەیی".
بڵند ئیبراهیم