هەواڵی کوردستان ئێستا

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەردەكات

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەردەكات
حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەردەكات

2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

بەرپرسێكی حكومی رایگەیاند چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەركراوە، لەوانەش مۆڵەت نەدان بە ھیچ پڕۆژەیەك ئەگەر تایبەتمەندیی خاوەن پێداویستیەكانی ڕەچاو نەكردبێ، هەروەها لە ھەر فەرمانگەیەکیش دوو کارمەند تەرخان دەکرێ بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی خاوەن پێداویستەكان و شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلیشیان بۆ دیاری دەكرێت.


ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی فراوانی (سلێمانی، بەرەو ئامانجی باشترین ژینگە بۆ ھاووڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت)، چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان درا، لەمبارەوە عومەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەكەدا زۆربەی فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی بواری مافی کەمئەندامان ئامادە بوون.


گوتیشی لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لەوە كرد کە لە سنووری سلێمانی خزمەتگوزاری خاوەن پێداویستە تایبەتەکان لە ئاست کێشە و گرفتی خاوەن پێداویستە تایبەتەكاندا نیە، چونکە سەرجەم فەرمانگەکان بەو توانایانەی ئێستەیان دەتوانن کاری باشتر بۆ ئەو توێژە ئەنجام بدەن.


هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان، ڕێکكەوتن کە لەمەودوا مۆڵەت بە ھیچ بینا و پڕۆژە و شوێنێکی کار نەدرێ ئەگەر تایبەتمەندی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەچاو نەکات، ھاوکات لە ھەر فەرمانگەیەک دوو کارمەند تەرخان بکرێت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و لە سەرجەم شوێنەکانی وەستانی ئۆتۆمبێلیشدا شوێنی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان تەرخان بکرێت.