هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندێكی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران سەردانی بەغدا دەكات

شاندێكی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران سەردانی بەغدا دەكات
شاندێكی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران سەردانی بەغدا دەكات

2020-02-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری ‌لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمانی كوردستان، حكوومەتی ڕاسپاردووە كە شاندێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و هەروەها لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمان،‌ بۆ وەرگرتنەوەی شایستەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكەن.

شوان كەریم زراری، بە ‌‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەكو پەرلەمان لە دانیشتنی پێشوودا حكوومەتمان ڕاسپارد گرنگیی زیاتر بە بابەتی وەرگرتنی شایستە داراییەكانی جووتیاران بدەن لە كاتی دانوستانەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و، هەوڵی جیددی بدرێت ئەو شایستەیەی كە تاكو ئێستا بە دەست جووتیاران نەگەیشتووە، بۆیان دابین بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: " لە ڕاسپاردەكەماندا حكوومەتمان ڕاسپاردووە كە شاندێكی باڵا لە چوارچێوەی شاندی دانوستانی حكوومەتی هەرێم یاخود بە جیا شاندێكی وەزارەت بە بەشداریی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان پێك بێنن بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەین و شایستە داراییەكانی جووتیاران وەربگرینەوە".

زراری لەبارەی كاتی سەردانی شاندەكەش گوتی: "ئەمڕۆ لە لایەن پەرلەمانەوە ڕاسپاردەكەمان بە فەرمی دەگاتە دەستی حكوومەت و ئینجا حكوومەت كاتەكەی دیاری دەكات، كە لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی هەیانە، پلان بۆ سەردانەكە دادەنێن".

ناوبراو دەشڵێت: "بابەتەكە پەیوەستە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و پرسی وەرگرتنی گەنمی تەواوی عێراق لەوێیە، ئەو پارەی بۆ كڕینەوەی بەروبوومی جووتیاران دابین دەكرێت، لە چوارچێوەی بەشی میزانیەی حاكیمە و سیادییە، هەست دەكەین ستەم لە هەرێمی كوردستان دەكرێت چ لە رووی وەرگرتنی بەروبوومەكان یان پاڵپشتیكردنی جووتیاران لە سێكتەری كشتوكاڵدا، بۆیە لە كاتی چوونی شاندەكە هەوڵ دەدەین ئەو بابەتانەی كە تێیدا ستەم لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، لە سێكتەری كشتوكاڵدا هەمووی كە شایستەن، بگەڕێنینەوە و هەرێمی كوردستانیش وەكو ناوەڕاست و باشووری عێراق سوودمەند بێت".

حكوومەتی عێراق بڕی ( 573 ) ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 و 2015 و 2016ـی لەگەڵ بەشێكی ساڵی 2019 تاوەكو ئێستا نەداوە.

 

نەشوان بەرزنجی