شێخ جەعفەر: داعش 9 كەسیان رفاندووە و تەرمی یەكێكیشیان بە كوژراوی دۆزراوەتەوە
خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین رایگەیاند، داعش لە سنووری خانەقین و ناوچە كوردستانییەكان هەڵمەتێكی دەست پێكردووە و هاووڵاتیان مەدەنی دەڕفێنن و بازگە دادەنێن، تاوەكو ئێستاش 9 كەسیان رفاندووە و تەرمی یەكێكیشیان بە كوژراوی دۆزراوەتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ماوەی دوو رۆژە داعش لە سنووری خانەقین و دوزخورماتوو بە ئاشكرا بازگە دادەنێن و خەڵكی مەدەنی دەڕفێنن، كە لە سنووری قەرەتەپە 7 قوتابییان رفاند و لە سنووری دوزخورماتووش دوو كەسی دیكەیان رفاندووە و تەرمی یەكێك لە قوتابییەكانیش بە كوژراوی دۆزراوەتەوە.
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتیشی، ئەمە مەترسیدارترین پیلانە داعش جێبەجێی دەكات، چونكە خەڵكی مەدەنی لە رێگەی دانانی بازگەوە دەڕفێنن و خەڵكیش بە جۆرێك ترساوە كە لە بازگەی فەرمییش ناوێرن بوەستن و هێزە عێراقییەكانیش لەو سنوورە بێدەسەڵاتن و ناتوانن هیچ بۆ ئەو خەڵكە بكەن.
شێخ مستەفا دەشڵێ، ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت، داعش خەڵكی زیاتر دەڕفێنێت، چونكە تەنها لە دوو رۆژدا بەئاشكرا 9 كەسیان رفاندووە.
بڵند ئیبراهیم