هەواڵی کوردستان ئێستا

هاكان كاراچای: توركیا بە گرنگییەوە لە پێگە و ڕۆڵی هەرێم دەڕوانێت

هاكان كاراچای: توركیا بە گرنگییەوە لە پێگە و ڕۆڵی هەرێم دەڕوانێت
هاكان كاراچای: توركیا بە گرنگییەوە لە پێگە و ڕۆڵی هەرێم دەڕوانێت

2019-12-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هاكان كاراچای، كۆنسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا، باس لە سەردانی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە و دیدرای لەگەڵ سەرۆككۆمار و وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كرا و بە گرنگ و پێویست زانرا.

بەڕێز كاراچای، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و ڕایگەیاند، كە وڵاتەكەی بە گرنگییەوە لە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت لە هاوكێشەكانی ناوچەكەدا.

 لە درێژەی گفتوگۆكاندا، بەڕێز سیوەیلی باسی لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و ڕوونی كردەوە، كە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا قۆناغی باشی بڕیوە و بەرەوپێشەوەچوونی باشی بەخۆوە دیوە.

دەربارەی ڕەوشی ئێستای ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتی: "ئێمە پشتیوانیی تەواو لە خۆپیشاندەران و مافە رەواكانیان دەكەین و هەر توندوتیژی و بێڕێزییەك بەرامبەریان ڕەت دەكەینەوە و داوای بەدواداچوون بۆ هەر پێشێلكارییەك لە دژی خۆپیشاندەران دەكەین".

سیوەیلی ڕایگەیاند، خەڵكی عێراق ماندوو بووە لە حوكمڕانیی نادروست و بەهەدەردانی سامانی گشتیی وڵات و گەندەڵی، كە عێراقی بردووەتە لێواری داڕمان. سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دووپاتی كردەوە، كە پارتی و حكوومەتی هەرێم و پاڵپشتی لەو كەسە دەكەن كە ئامادەی جێبەجێكردنی دەستوور و پارێزگاریكردنە لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان، پەیوەست بوون بە پێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هۆشیار سیوەیلی دووپاتی نیگەرانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كردەوە لە هێرشی سەربازیی توركیا و تێكچوونی سەقامگیریی ئەو ناوچانە، "ئێمە پێمان وایە كە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، چارەسەری كێشەكان ناكات و پێویستە دیالۆگ ببێتە جێگرەوەی هێرشی سەربازی".

لە میانەی ئەو دیداردا، سیوەیلی ڕایگەیاند، گەلی كوردستان بەلایەوە گرنگە دەوڵەتی توركیا ڕەچاوی مافی گەلی كوردستان بكات و ڕێگری بكات لە توندوتیژی و بە تایبەتی ئەوانەی لەلایەن سوپاس سووریای ئازادەوە دەكرێنە سەر دانیشتووانی كورد لەو بەشەی كوردستان، ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەو دەنگۆیانەیە كە باس لە نیشتەجێكردنی سەدان ھەزار ئاوارە دەكەن، كە دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاریی دیمۆگرافی ئەمەش جێگای نێگەرانیی ئێمەیە.

بەڕێز هاكان كاراچای گوتی: "حكوومەتی توركیا و گەلی توركیا، لە دژی گەلی كوردستان نییە و هێرشی ئێمە بو پاراستنی سنوورەكانی وڵاتە و دوورخستنەوەی مەترسییە لەسەر توركیا. ئێمە دڵنیای گەلی برامان دەكەینەوە كە دژی ئەوان نین".

كۆنسووڵی گشتیی توركیا، دەربارەی نیشتەجێكردنی ئاوارەكان و گۆڕانكاریی دیمۆگرافی رایگەیاند: "ئەوە بەرنامەی حكوومەتی توركیا نییە، ئێمە دەمانەوێت خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە و ژیانێكی ئارام و سەقامگیر پێك بێننەوە".

پرسی ئاسایشی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی نیوانیان بوو و، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا كرد و جەختیان لە بەردەوامیی ئەو جۆرە دیدارانە كردەوە بە مەبەستی بەهێزبوونی پەیوەندییەكان و ئاگاداربوون لە بارودۆخی سیاسی و گۆڕانكاری و پێشهانەكانی ناوچەكە، كە لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.