هەواڵی کوردستان ئێستا

وه‌زیری ناوخۆ: دەبێت سەرۆكوەزیران دەنگی هەموو خەڵكی عێراقی لەگەڵدا بێت

وه‌زیری ناوخۆ: دەبێت سەرۆكوەزیران دەنگی هەموو خەڵكی عێراقی لەگەڵدا بێت
وه‌زیری ناوخۆ: دەبێت سەرۆكوەزیران دەنگی هەموو خەڵكی عێراقی لەگەڵدا بێت

2020-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێم دەبێت و دەربارەی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكە كۆدەبنەوە.

‌وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد، لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی تایبەت بە پاڵپشتیی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی ئاساییە، كە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و، تایبەت بەم هەنگاوانەیە كە هەتا ئێستا نراون و هەروەها تاووتوێی ئەم بارودۆخە دەكرێت كە لە ئێستادا ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە تایبەتی عێراق لە بارودۆخێكی ناسەقامگیردایە و داهاتوویەكی نادیاری لەپێشە، بابەتێكی تریش پەیوەستە بەم هەوڵانەی دروستكردنی كابینەیەكی نوێ لە عێراق و ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ بۆ عێراق، كە ئەمەش بەشێكی دیكەی دانیشتنەكە دەبێت."

وەزیری ناوخۆ زیاتر گوتی: "بەشێكی تری كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی كەرتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێگریكردن لە گەیشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان، گەنگەشەش لەسەر ئەم بابەتە دەكرێت تا بزانین پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چی بكات".

سەبارەت بە دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە سەرۆكوەزیران بە بێ پرسكردن بە هەموو پێكهاتەكانی عێراق ناكرێ دابنرێت، ئەگەر هەر پێكهاتەیەكیش پشتگوێ بخرێت، ئاسەواری باش نابێت و ئەم سەرۆكوەزیرانە ناتوانێ دەلالەت  لە هەموو عێراقیەكان بكات، بۆیە دەبێت دەنگی هەموو خەڵكی عێراقی لەگەڵدا بێت."

ڕێبەر ئەحمەد دەربارەی كەمیی غاز لە هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەو كەسانەی دستیان هەیە لەم كێشەیەدا، بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە، هەر كەسێكیش تەجاوز بكاتە سەر یاسا و ئەو خەڵكەی كە ئیش دەكات لەم شوێنانە، ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و دەدرێتە دادگا."

پیوەست بە بابەتی كۆنفڕانسەكەش، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند: "هەرێمی كوردستان چ پێشتر و چ ئێستاش گرنگییەكی تایبەت بە پاڵپشتیكردنی ئافرەت دەدات، هەروەها یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی كابینەی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوەیە كە دەبێت بایەخی تەواو بە پرسەكانی تایبەت بە ئافرەتان بدرێت و یەكسانی لە ماف و ئەركدا پەیڕەو بكرێت، كە لە هەر وەزارەتێكیش یەكەیەكی تایبەت بە پشتگیریكردنی ئافرەتان هەیە."

 

فایزە كۆیی