هەواڵی کوردستان ئێستا

پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له ‌كه‌ركووك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له ‌كه‌ركووك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌
پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له ‌كه‌ركووك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

2020-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


كه‌ركووك-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی خوێندنی كوردی له‌ پەروەردەی کەرکووک گوتی، دوای هه‌وڵدانی زۆر توانرا پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌ سلكی په‌روه‌رده‌ كه‌ به ‌ناعه‌داله‌تی پله‌كان دابه‌ش كرابوون هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ به‌پێی خاڵه‌كان دهست ‌پێ بكاته‌وه‌.

شێرزاد حه‌سه‌ن بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "2هه‌زار و500 پله‌ی دامه‌زراندن بۆ سلكی په‌روه‌رده‌ی کەرکووک دانرابوون و دابه‌شكردنی پله‌كان زۆر ناعه‌داله‌تییان تێدا بوو و پشكی كورد خورابوو، ته‌نها بۆ حه‌ویجه‌ 800 پله‌یان دانابوو، بۆیه‌ ئێمه‌ش ناڕه‌زایه‌تیمان ده‌ربڕی و دواتر له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ توانرا پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه‌."

حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد: "بڕیاره‌ جارێكی دیكه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ و ئه‌م جاره‌ پرۆسه‌كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و له‌ناو سه‌نته‌ری کەرکووک ده‌بێت و به‌پێی خاڵ ده‌بێت، كه‌ كامه‌ خاڵی زیاتر بێت ئه‌و داده‌مه‌زرێت."

گوتیشی: "ئه‌وه‌ی زیاتر خاڵی هه‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌، خاڵه‌كانیش پشت به‌ ساڵی ده‌رچوون و هاوسه‌رگیریكردن و هه‌بوونی منداڵ و ئه‌وانه‌ی گرێبه‌ست و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ش به ‌خاڵ هه‌ژمار ده‌كرێن، بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك خاڵی زیاتر بێت، جا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، داده‌مه‌زرێت."

بڵند ئیبراهیم