سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وكاتە ئێمه دۆڕاوین کە كۆنگره سه‌رنه‌كه‌وێت
2019-12-09 00:00:00 - سەرچاوە: pukmedia
لێرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “سه‌ركه‌وتنی كۆنگره سه‌ركه‌وتنی هه‌موولایه‌كه چونكه یەکێتیی سەردەکەوێت”. سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی حزبەکەی وتی، “كۆنفڕانسی مەڵبەندەكان دەستپێدەكات و نوێنه‌رانی كۆنگره هه‌ڵده‌بژێردرێن، ئه‌مه‌ش قۆناغێكی گرنگه، هەموو کاندیدەکان دەرناچن بۆیه هیوادارین كه‌س خۆی به دۆڕاو نه‌زانێت، ئه‌وكاتە ئێمه دۆڕاوین کە كۆنگره سه‌رنه‌كه‌وێت”. لێرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە تایبەت بوو بە ڕەوشی ئێستای عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، “شاندی هەرێم و بەغداد چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستای عێراق بارودۆخێكی تازه‌ی هێناوه‌ته‌وه پێش، پێمان وابوو ئه‌و خۆپیشاندانانه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتی به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجه و شه‌هیدكردنەی خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ل بانگه‌شه‌ی عێراقی دیموکراسیی فیدڕاڵ‌دا ناگونجێت”. سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو کە “دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و بەپێی دەستوور دوای دەستلەکارکیشانەوەی سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆماری عێراق کارەکانی سەرۆکوەزیران ڕادەپەڕێنێت تا ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ دیاریدەکرێت”.