هەواڵی کوردستان ئێستا

داوای دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدی گەلی كورد دەكرێت

داوای دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدی گەلی كورد دەكرێت
داوای دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدی گەلی كورد دەكرێت

2019-12-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- زیاتر لە ٣٠٠ رێكخراوی مەدەنیی ھەرێمی كوردستان، پشتگیریی دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ سزادانی ئەو كەسانەی دەستیان لە جینۆسایددا ھەبووە، پارێزەرێكیش كە شارەزای جینۆسایدە، دەڵێ، ئەندامنەبوونی عێراق لە دادگای تانەكانی نێودەوڵەتیدا، كاریگەری لەسەر پرسی جینۆساید ھەبووە.

ئەیاد كاكەیی، شارەزای جینۆساد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەك رۆژی بیرھێنانەوە و رێزگرتن لە قوربانیانی جینۆساید لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان دیاری كراوە، بێگومان گەلی كورد یەكێكە لەو میللەتانەی زۆرترین قوربانیی داوە و جینۆساید كراون، پێویستە ھەموو ھەوڵێك بخەینە گەڕ بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری جینۆسایدكراوان".

ئەو شارەزایەی جینۆساید جەختی كردەوە: "عێراق لە دادگای باڵا تاوانەكانی نێودەوڵەتیدا ئەندام نییە، ئەوەش كاریگەری ھەبووە لەسەر دادگاییكردن و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی جینۆسایدی گەلی كوردستان، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠٠ رێكخراوی مەدەنیی تایبەت بە پرسی جینۆساید و مافی مرۆڤ و یاسا ھەن و پشتگیریی خۆمان بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەربڕیوە".

كاكەیی گوتیشی: "هەفتەی رابردوو نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان بەشدارییان لە كۆنگرەی ئەمساڵی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتیدا كرد و پشتگیریی خۆمان بۆ دادگاكە پیشان دا، لە بەرامبەردا ئەوانیش خۆشحاڵ بوون گەلی كوردستان وەك گەلێكی جینۆسایدكراو بەشدار و پشتیوانی دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتییە".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێویستە ئەنجامدەران و تۆمەتبارانی كەیسی جینۆسایدی كورد بدرێنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، چونكە مافی كەسوكاری قوربانیانە قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە و ئەوانەشی بوونەتە ھۆكاری ئەنجامدانی جینۆساید، دادگایی بكرێن".

 

قائید میرۆ