روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
هەولێر-KDP.info- لەم ماوەیەدا زۆر کەس و لایەن زۆر بە ناشارەزایی و بە بێ زانیاریی، لە چوارچێوەی موزایەدەکردن، بابەتی پرۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانییان خستووەتە بەر باس و گفتوگۆ و بەداخەوەش تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجێکی چەواشەکارانە لە پشت ئەم هەوڵانە هەیە.
هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و بە تایبەتی شاری هەڵمەت و قوربانی ئاگادار دەکەینەوە، کە حکومەتی هەرێم بە ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان تا ئێستا تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە داوە کە بە رێژەی زیاتر لە 75% ( بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان ) جێبەجێ کراون. بۆیە تا ئێستا حکومەت نەپڕژاوەتە سەر ئەو پرۆژانەی کە ڕیژەی جێبەجێکردنیان لە ژێر ڕێژەی ئاماژەپێکراودایە، بەڵام لە هەمانکاتدا لێژنەیەکی باڵا و پسپۆری حکومەت سەرقاڵی پێداچوونەوە و ئامادەکاری کردنە بۆ دەستپێکردنی هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی کە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانیش لەناو ئەو پرۆژانەیە.
داواکاریی سەرەکیی هاووڵاتیانی کوردستان هەمیشە چاکسازی و شەفافیەت بووە، بۆیە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو گرێبەستەکان دەکرێت لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بن تاکو سامانی نیشتیمان لە بەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک بە هەدەر نەدرێت. حکومەتی هەرێم خزمەتگوزارییەکانی بەبێ جیاوازی دەگەیەنێتە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانمان لە سلێمانی شایەنی باشترین و شایستەترین خزمەتگوزارین و لە چەند مانگی ڕابردووشدا بڕیارمان لە سەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە جێبەجێ کردنی پرۆژەی سەد مەتریی سلێمانی دەکرێت بە جۆرێک کە سامانی هاوولاتیانی سلێمانی بە شیوەیەکی کارا و بەجێ بۆ خزمەتی خۆیان بخرێتە کار، لە پرۆسەی پێداچوونەوەی پرۆژەکانی سلێمانیش ھەر گوژمەیەک بمێنێتەوە ھەر لەو سنوورە بۆ پرۆژەی دیکە خەرج دەکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/2/4