مەسرور بارزانی: ئەوەی لە بەغدا روودەدات بەھۆی خراپ بەرێوەبردنی ساڵانی رابردوو بووە
ھەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس٢٤ رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە بەغدا روودەدات بەھۆی خراپ بەرێوەبردنی ساڵانی رابردوو بووە، پاڵپشتیی خۆیشی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی عێراق دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایشیگەیاند: "پاڵپشتی داوا رەواکانی خەڵکی عێراق دەکەین و ھیوادارم کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسیەکانیشەوە پاڵپشتی بکرێت".
بارزانی جەختیشی کردەوە: "زۆربەی خۆپیشاندەران کە ھاتوونەتە سەر شەقامەکان داوای چاکسازی دەکەن و داوای نەھێشتنی گەندەڵی و حکومڕانیەکی باش دەکەن و ئێمە بەتەواوی پاڵپشتی داوا رەواکانی خەڵکی دەکەین، بەڵام ھەندێک جاریش ئەجێندای سیاسی تێکەڵ کراوە، کە بابەتەکەی تا رادەیەک ئاڵۆزتر کردووە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە راستیدا عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ھەموو ھەوڵی خۆیدا، بەڵام بەداخەوە لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی دیکەوە وەک پێویست پاڵپشتی نەکرا، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەجێنداکەی جێبەجێ بکات".
سەرۆک وەزیرانی کوردستان، دووپاتیشیکردەوە: کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن ھێزە سیاسیەکان و خەڵکیشەوە پاڵپشتی زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.
ھەڵکەوت محەمەد